ئەمریکا: درێژکردنەوەی پەیماننامەی نیو ستارتمان لەگەڵ رووسیا جێبەجێکرد

ئەمریکا: درێژکردنەوەی پەیماننامەی نیو ستارتمان لەگەڵ رووسیا جێبەجێکرد
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی پەیماننامەی نیو ستارتی بۆ پێنج ساڵ لەگەڵ رووسیا درێژکردووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی شووباتی 2021 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "درێژکردنەوەی پەیماننامەی نیو ستارت دڵنیامان دەکاتەوە لە بوونی سنوور لەسەر مووشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکان و مووشەکی کەشتییە ژێر دەریاییەکان و بۆمبە زەبەلاحەکانی رووسیا تاوەکو 5ی شووباتی 2026".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، وڵاتەکەی ئەو پێنج ساڵە وەکو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆئەوەی لەگەڵ رووسیا کاربکەن بۆ سنووردارکردنی هەموو جۆرە چەکێک، لەنێویاندا چەکی ئەتۆمی.

ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا مانگی رابردوو رایگەیاندبوو کە هەوڵی درێژکردنەوەی پەیماننامەکە دەدات.

پەیماننامەکە لە نیسانی ساڵی 2010 لەنێوان باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و دیمیتری مێدڤیدێڤ، سەرۆکی ئەوکاتەی رووسیا لە پراگی پایتەختی چیک واژۆ کرا، لە ئەگەری درێژنەکردنەوەی، رۆژی 5ی ئەم مانگە بەسەردەچوو.

پەیماننامەکە ئەمریکا و رووسیا ناچاردەکات کە هەریەکەیان لە هەزار و 550 کڵاوەی ئەتۆمی زیاتر جێگیرنەکەن.
RUDAW -
Top