ڕۆژنامەیەکی تورکیا: ئەردۆغان و باخچەلی لە بەرژەوەندیی خۆیان هەوڵی ڕیفۆرمی دەستوور دەدەن

ڕۆژنامەیەکی تورکیا: ئەردۆغان و باخچەلی لە بەرژەوەندیی خۆیان هەوڵی ڕیفۆرمی دەستوور دەدەن


ڕۆژنامەیەکی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، كە هەردوو لەناو پەرلەمان هاوپەیمانن، هیچ هەنگاوێك بەبێ یەكتری هەڵناگرن و ئیستا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئیدی ناتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا٥٠+١ بەدەست بهێنن، بۆیە بە دوای ڕێگەجارەیەکدا دەگەڕێن تا بتوانن دیسان دەسەڵات بەدەستەوە بگرنەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی ئاكەپە و دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە، رێك كەوتوون لەسەر ئەوەی لەناو پەرلەمانەوە هەوڵ بدەن ریفۆرم لە دەستووری توركیا بکەن، بەڵام نازانرێت ریفۆرم لە كام بڕگە و كام مادەدا دەكرێت، بەڵام رێفۆرم لە بەرژەوەندیی ئەواندا نەبێت دەستی بۆ نابەن.

محەممەد ئۆجاكتان نووسەر لە رۆژنامەی (قەرار)ی توركی، پێیوایە ئەردۆغان و باخچەلی بە دوای ریفۆرمێكی دیموكراتیدا ناگەڕێن، چونكە ئێستا هیچ حیسابێك بۆ هیچ دامودەزگایەكی توركیا ناكەن، بەڵام گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵك نەبووە و پێوستە بگۆڕدرێت.

ئەو نووسەرە پێیوایە، ئەردۆغان و باخچەلی باش دەزانن ئیدی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ناتوانن ٥٠+١ بەدەست بهێنن، بۆیە دەیانەوێت لەڕێگەی ریفۆرمی دەستوورەوە پارێزگاری لەو رێژە دەنگە بكەن.

لە لایەكی ترەوە بەشێك لە چاودێرانی سیاسی باس لە خراپیی رەوشی ئابووریی توركیا دەكەن، كە گەیشتووتە ئاستێكی مەترسیدار، هەروەها لەڕووی سیاسەتی دەرەوە توركیا لە قەیراندایە و لەڕووی ناوخۆشییەوە نائارامییەكی ناسروشتی دروست بووە، بۆیە ئەمانە وایان كردووە دەنگی ئاكەپە و مەهەپە بەرەو دابەزین بچێت.

رۆژنامەی (حوریەت) ئاشكرای كردووە، ئاكەپە بەبێ مەهەپە هیچ هەنگاوێك بۆ ریفۆرمی دەستووری ناهاوێت، بەڵام لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش بۆ گۆڕینی چەند بڕگەیەكی دەستوور پرس و را دەكات.

ئەوەی روون و ئاشكرایە، ئەردۆغان بە هیچ شێوەیەك سیستەمی سیاسی ناكاتەوە بە پەرلەمانی، ئۆپۆزسیۆنی توركیاش هیچ ریفۆرمێكی دەستووری قبووڵ ناكەن بەبێ گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی.











باسنيوز
Top