ڕووسیا هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەورووپی

ڕووسیا هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەورووپی


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی لێدوان و داوای بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپی بۆ ئازادکردنی "ئەلکسی ناوالنی" هۆشداریی داوەتە وڵاتانی ئەورووپی و ڕای گەیاندووە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری هیچ پێویست نییە.

ئاژانسەکانی ڕووسیا لەزاری ماریا زاخاروا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاوە بڵاوی کردووەتەوە: "ئێمە ماوەی چەند هەفتەیەکە سەرقاڵی تاوتوێی ئەو ڕوانگە و بۆچوون و هێرشانە بووین کە لەبارەی دۆخی ناوخۆی رووسیاوە ڕووبەڕوومان دەکرانەوە، بۆیە پێمان وایە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری پێویست نییە و پێشنیاز بە هەموان و بەتایبەت هەموو وڵاتانی ئەورووپی دەکەین کە بپەرژێنە سەر کێشەکانی تایبەت بە خۆیان".

ئەلکسی ناوالنی یەکێک لە ڕەخنەگران و سیمای ناسراوی ئۆپۆزیسیۆنی ڕووسیا کە لەلایەن ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراوە، دادگایی کراوە و بە سێ ساڵ و نیو بەندکردن سزا دراوە و بڕیارە ئەو حوکمە جێبەجێ بکرێت.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی رووسیا زیاتر لە ١٥ کەس لە کارمەند و دیپلۆماتکارانی بیانی و بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپی لە مۆسکۆ لە کاتی دادگاییکردنی ئەلکسی ناوالنیدا ئامادە بوون.

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئامادەبوونی دیپلۆماتکارە بیانییەکان لە کاتی دادگاییکردنی ناوالنی جۆرێکە لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە و وەک هەوڵێکی چەواشەکارانەی ڕۆژئاوا بۆ کۆنترۆڵی رووسیا لەقەڵەم دەدرێت.

پێشتر یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا بە فەرمی داواین لە بەرپرسانی ڕووسیا کردووە کە ئەلکسی ناوالنی لە زیندان ئازاد بکرێت.






باسنيوز
Top