یەكێتی ئەوروپا ھەڕەشەی سەپاندنی سزاكان دەكات بەسەر سەركردە سەربازییەكانی میانمار
جۆزیب بۆرێل، نوێنەری ئەوروپا بۆ كاروباری دەرەوە لە راگەیاندراوێكدا لە جیاتی یەكێتی ئەوروپا گوتی: "ئەم ھەوڵە بۆ بەزۆری گۆڕینی ویستی گەلی میانمار قەبووڵكراو نییە".
گوتیشی: "یەكێتی ئەوروپا لەو بڕوایەدایە، سەلامەتی ھاووڵاتیانی میانمار و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە ھەموو كاتێكدا دابین دەكرێت و یەكێتی ئەوروپا لێكۆڵینەوە لە گشت بژاردەكانی بەردەستی دەكات بۆ دابینكردنی سەروەری دیموكراتییەت".
داواشیكرد، دەستبەجێ حاڵەتی لەناكاو رابگیرێت و حكومەتی مەدەنی بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات و كارەكانی سوپای بە نایاسایی وەسفكرد.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، زرێپۆش و ئامێرە سەربازییەكانی دیكە لە پایتەختی میانمار، نایبیداو بڵاوكرانەوە و بەربەستی سەربازی لەسەر رێگاكان دانران، دوای ئەوەی سوپا دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و سەرۆكەكەی "ئۆنگ سان سۆ چی"یان دەستگیركرد.
لە راگەیاندراوێكدا، كە كەناڵی ناوخۆیی سەربە سوپا بڵاویكردەوە، سوپا حاڵەتی لەناكاوی راگەیاند بۆ پاراستنی "سەقامگیر" دەوڵەت، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو قسانەی خۆیان كە گوایە ساختەكاری لە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیدا كراون، كە لە تشرینی دووەمی 2020 ئەنجامدرا و ئۆنگ سان سۆ چی جارێكی دیكە زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستھێنا.
لەو راگەیاندراوەی تەلەڤزیۆن بڵاویكردەوە، ھاتبوو، حاڵەتی لەناكاو لە ھەموو وڵاتدا بۆ ماوەی ساڵێك بەردەوام دەبێت و لەو رێككەوتنەوە دەستپێدەكات بەپێی ماددەی 417 لە دەستووری 2008.
رۆژنامەی "میانمار تایمز" گوتی: "سوپا گەشتە ئاسمانییەكانی نێودەوڵەتی لەگەڵ میانمار راگرت تا سەرەتای ئەیاری داھاتوو.
k24 -
