بایدن بڕیارێکی ترەمپ لەبارەی ئیمارات هەڵدەوەشێنێتەوە
سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بڕیارێکی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی، کە لە بەرژەوەندیی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو بوو، هەڵدەوەشێنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە رۆژی 20-1-2021 (دوا رۆژی سەرۆکایەتییەکەی)، بڕیاری لێخۆشبوونی %10ـی رەسمی گومرگی لەسەر ئەلەمنیۆمی هاوردەکراو لە ئیمارات، دا و بڕیاربوو بڕیارەکە لە رۆژی چوارشەممە 3-2-2021ـەوە جێبەجێ بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 2-2-2021، کۆشکی سپی رایگەیاندووە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی هەڵوەشاندوەتەوە و رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، پێویستە ”لەم کاتەدا“ رەسمی گومرگی لەسەر ئەلەمنیۆمی هاوردەکراو لە ئیماراتەوە وەک خۆی بمێنێتەوە.
باسنيوز
