زاواکەی ترەمپ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی ٢٠٢١ کاندید کرا
جارید کۆشنێر، زاوا و ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا لەپێناو دەورگێڕانی لە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی ٢٠٢١ کاندید کراوە.
لەمبارەوە ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بڵاوی کردووەتەوە کە جیا لە جارید کۆشنێر، هاوکات (ئاوی بیرکویتز) ڕاوێژکاری پیشووی ترەمپیش بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ کاندید کراوە کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوودا لەبارەی پاڵێوراوەکانەوە بڕیار بدرێت.
کاندیدکردنی ئەو دوو ڕاوێژکارەی دۆناڵد ترەمپ بە پێشنیازی (ئالێن دورشویتز) پرۆفیسۆری کۆلیژی یاسای زانکۆی هاروارد بووە.
جارید کۆشنێر کاندیدکرانی خۆی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ بە شانازییەکی مەزنی ژیانی لەقەڵەم داوە.
ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی کە بە ڕێککەوتنی (ئیبراهیم) ناسراوە و تێیدا چوار وڵاتی ئیمارات، بەحرێن، سوودان و مەغریب و پاشان چەند وڵاتی دیکەش پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە کە جارید کۆشنێر و ڕاوێژکاران و کابینەی دۆناڵد ترەمپ دەوری سەرەکییان تێدا گێڕا و بە هەنگاوێکی گرنگی ئاشتی لە ناوچەکە دێتە ئەژمار.
ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لەلایەن ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەی هاوپەیمانی ئێرانەوە بەدژی بەها و ئارمانەکانی فەلەستین لەقەڵەم درا و دژایەتییان کرد.
باسنیوز
