نەتەوە یەکگرتووەکان: بەڵگەکان دەیسەلمێنن ئێران چەک بۆ حوسییەکان دەنێرێت

نەتەوە یەکگرتووەکان: بەڵگەکان دەیسەلمێنن ئێران چەک بۆ حوسییەکان دەنێرێت


نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا رایدەگەیەنێت، چەندین بەڵگە هەن دەیسەلمێنن کۆماری ئیسلامیی ئێران چەک بۆ میلیشیای ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن دەنێرێت.

لە راپۆرتەکەدا، کە ژمارەیەک پسپۆڕی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیان کردووە و پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییان کردووە، هۆشداریی لە زیاتر تێکچوونی بارودۆخی یەمەن، دراوە.

ئەو پسپۆڕانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بە بوونی چەندین بەڵگە کردووە، کە دەیسەلمێنن لە ئێرانەوە چەک بۆ حوسییەکان دەنێردرێ و ئەمەش پێشێڵکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە حوسییەکان بڕی 423 ملیۆن دۆلاریان لە خەزێنەی وڵات بۆ بازرگانەکانی چەک لە ئێران، ناردووە.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.




باسنيوز
Top