سەرۆكی پارتێكی سیاسی لە توركیا داوای داخستنی بنكەی ئینجەرلیك دەكات
سەرۆكی پارتێكی سیاسی لە توركیا، داوا دەكات حكوومەت وەكوو كاردانەوەیەك بەرامبەر سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر توركیا، بنكەی ئاسمانیی ئینجەرلیك لە توركیا دابخات.
فاتیح ئەربەكان سەرۆكی پارتی (رێفاح)ی توركی، كە پێشتر نەجمەدین ئەربەكانی باوكی سەرۆكی ئەو پارتە بووە، داوای کردووە بنكەی ئینجەرلیكی ئەمریکا دابخرێت، چونكە ئەمریكا بە هەموو شێوەیەك دەیەوێت لە بەرژەوەندییەکانی توركیا بدات.
فاتیح لە كاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی لە كەناڵی (خەبەر تورك)، هەڵسەنگاندنی بۆ پەیوەندیی نێوان توركیا و ئەمریكا كرد.
فاتیح ئەربەکان گوتی: "پێویستە پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكا بەردەوام بن، بەو مەرجەی ئەمریكا زیان لە بەرژەوەندیی میللیی توركیا نەدات، بەڵام ئاشكرایە ئەمریكا چۆن هاوكاریی پەكەكە و یەپەگە دەكات بۆ لێدان لە بەرژەوەندیی توركیا".
بۆیە فاتیح داوای لە حكوومەتی توركیا کردووە بە زووترین كات بنكەی ئینجەرلیك دابخەن و ئیدی لە ئەمریكا دوور بكەونەوە.
باسنيوز
