ئێران داوایەکی ئیمانوێل ماکرۆنی ڕەت کردەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە داخوازییەکی سەرکۆماری فەڕەنسا کە داوای کردبوو سعوودیە لە گەڕی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەشداری بکات، ئەو وڵاتەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە نیگەرانی فرۆشتنی چەکوچۆڵی خۆیەتی.
بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، سەعید خەتیبزادە دوێنێ شەممە 2021/1/30 جارێکی تر جەختی لەسەر هەڵوێستی ئێران لەبارەی داوای وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان کردەوە و داوای کرد ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هەموو گەمارۆکانی سەر ئێرانیش هەڵبگیرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای ڕەتکردنەوەی داخوازی فەڕەنسا لەبارەی بەشداریی سعوودیە لە دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕاشی گەیاندووە کە فرۆشتنی چەکوچۆڵی فەڕەنسا بە وڵاتانی کەنداو، هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچەکەیە و گوتی: "بەبێ ڕاگرتنی فرۆشتنی چەکوچۆڵی فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، ناکرێ سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و فەڕەنساش نیگەرانی فرۆشتنی چەکوچۆڵی خۆیەتی".
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەڕەنسا هەینی ڕابردوو لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (ئەلعەرەبییە) ڕای گەیاندووە کە ئێران لە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە، بۆیە هەر دانوستانێکی نوێ لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) زۆر ئەستەم و دژواتر لە جاران دەبێت.
هاوکات داواشی کردبوو کە لە گەڕی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران سعوودیەش وەک وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە بەشداری بکات.
باسنيوز
