ماکرۆن: سەردانی لوبنان دەکەمەوە

ماکرۆن: سەردانی لوبنان دەکەمەوە
سەرکۆماری فەرەنسا رایدەگەیەنێت، سەردانی لوبنان دەکاتەوە و چاودێریی رێککەوتنی لایەنە سیاسییە لوبنانییەکان دەکات.

ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرکۆماری فەرەنسا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، هەر کارێکی لەدەست بێ بۆ پێکهێنانی حکوومەتی لوبنان، دەکات.

ئیمانوێڵ ماکرۆن بەبێ دیاریکردنی کاتەکەی، رایگەیاندووە، بۆ سێیەم جار سەردانی لوبنان دەکاتەوە.

دوای تەقینەوە گەورەکەی بەیرووت، ئیمانوێڵ ماکرۆن دوو جار سەردانی لوبنانی کرد و دەست پێشخەرییەکی بۆ رێککەوتنی لایەنە لوبنانییەکان، خستە روو.

دوای دەست لەکار کێشانەوەی حکوومەتی لوبنان، لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمانی لوبنانەوە سەعد حەریری، سەرۆکی رەوتی مستەقبەلیان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، راسپارد.

تا ئیستا سەعد حەریری نەیتوانیوە حکوومەتەکەی پێک بهێنێت و لەگەڵ میشال عۆنی سەرکۆمار، یەکتر بە ئاستەنگ دروستکردن بۆ پێهێنانی حکوومەتی نوێ، تۆمەتبار دەکەن.

رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.

تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.

نزیکەی هەفتەیەک دوای تەقینەوەکە، حەسان دیاب، سەرۆک وەزیرانی لوبنان دەتس لەکار کێشانەوەی خۆی و حکوومەتەکەی، راگەیاند.














باسنيوز


Top