سێ پەرلەمانتاری جەهەپە دەستیان لەكار كێشایەوە

سێ پەرلەمانتاری جەهەپە دەستیان لەكار كێشایەوە


سێ پەرلەمانتاری سەر بە پارتی گەلی كۆماری (CHP) كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە دەستیان لە جەهەپە كێشایەوە، هۆكارەكەشی ناڕازیبوونیان بووە لە كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی جەهەپە.

هەریەك لە (محەممەدعەلی چەلەبی، حەسێن عەونی ئاكسۆی و ئۆزحان ئۆزەل) پەرلەمانتارانی سەر بە جەهەپە، لە نامەیەكدا بۆ سەرۆكی پارت دەستیان لەكار كێشاوەتەوە و لە پرێس کۆنفرانسێکیشدا ئاشکرایان کردووە.

یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد ئەو سێ پەرلەمانتارە دەستلەكار بكێشنەوە، رەخنەگرتنیان بوو لە سیاسەتی كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی جەهەپە.

جانان كاڵسن پەرلەمانتاری سەر بە ئاكەپە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) دەستخۆشی لەو سێ پەرلەمانتارەی جەهەپە كردووە و دەڵێت جەهەپە پشتگیری لە تیرۆر دەكات و باوەشی بۆ كردوونەتەوە، بۆیە باشتان كرد وازتان لەو پارتە هێنا.

بە گوێرەی چەند زانیارییەكی میدیای توركیا، ئەو سێ پەرلەمانتارە دەچنە ناو ئەو پارتە تازەیەی (موحەرەم ئینجە) دروستی دەكات.

ئینجە كاندیدی جەهەپە بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠١٨ و ركابەری رەجەب تەییب ئەردۆغان بوو، بەڵام دوای هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی ٣٦٪ی دەنگەكان، داوای كرد ببێتە سەرۆكی جەهەیە، بەڵام كلیچدارئۆغلۆ رەتی كردەوە و ئینجەش وازی لە جەهەپە هێنا.








باسنيوز
Top