ئەمریکا پاڵپشتی لە دانووستاندنی هەولێر و بەغدا دەکات

ئەمریکا پاڵپشتی لە دانووستاندنی هەولێر و بەغدا دەکات
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر لەگەڵ ئەباڵیۆزی مریکا لە عێراق کۆبووەوە و پێکەوە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و رەوتی دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ کرد، قوباد تاڵەبانی دەڵێت "ئەمریکا پاڵپشتی لە دانووستاندنی هەولێر و بەغدا دەکات".

لە کۆبوونەوەی نێوان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، كە رۆب واڵەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکای کرد و پەیوەندیی بەهێزی سەرۆکی ئەمریکا و ستافی ئیدارەكەی لەگەڵ ناوچەكە بیرهێنایەوە، هیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە سەردەمی جۆ بایدن-دا گەشەكردنی زیاتر بەخۆوە ببینێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی چۆنێتیی بەرەوپێشچوونی دانووستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا، لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە "باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ دانووستانەکان دووپات کردەوە".

هەروەها هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کرا، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چارەنووسسازە" و هیوای خواست بە پشتگیریی "وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان، هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت".

هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئه‌مریکا و شاندی یاوەری کۆبووه‌وه و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد.
rudaw -
Top