ئیدارەی بایدن مەرجی گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ناوکی ئاشکرا دەکات

ئیدارەی بایدن مەرجی گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ناوکی ئاشکرا دەکات


ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا، مەرجی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ناوکی، ئاشکرا دەکات.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی گفتوگۆی لەبارەی تێکدانی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئێرانەوە، کردووە.

ئەنتۆنی بلینکن هەروەها رایگەیاندوو، ئەگەر ئێران پابەندیی خۆی بە ئەو ئەرکانەی لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ناوکی لەسەریەتی بسەلمێنێت و دوای ماوەیەک ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ پابەندیی ئێران بە رێککەوتنەکە بکەین، ئەوکات ئەمریکا دەگەڕێتەوە ناو رێککەوتننامەی ناوکی.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.






باسنیوز
Top