پاپا فرانسیس: دەکرێت ئایدۆلۆژیە ناتەندروستەکان رێگە بۆ قڕکردنێکی دیکەی بەکۆمەڵ بکەنەوە

پاپا فرانسیس: دەکرێت ئایدۆلۆژیە ناتەندروستەکان رێگە بۆ قڕکردنێکی دیکەی بەکۆمەڵ بکەنەوە
رۆژی 27ی کانوونی دووەم بە رۆژی کۆتاییهاتنی هۆڵۆکۆست دادەنرێت و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ لە ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان 76ـەمین ساڵیادی هۆڵۆکۆست کرایەوە.

پاپا فرانسیس هۆشداریی دا لەوەی کە دەکرێت ئایدۆلۆژییە ناتەندروستەکان رێگە بۆ قڕکردنێکی دیکەی بەکۆمەڵ بکەنەوە.

76 ساڵ لەمەوبەر، کەمپی ئاوشوێتز لە پۆڵەندا ئازادکرا کە نازیەکان تێیدا زیاتر لە یەک ملیۆن جوو و پێکهاتەی دیکەیان کوشت.

پاپا فرانسیس جەختی لە بیرهێنانەوەی هۆڵۆکۆست کردەوە و گوتی، ئازادکردنی کەمپی ئاوشوێتز نیشانەیەکی مرۆڤایەتی و شارستانیەت و دەستپێکردنی ئایندەیەکی ئاشتی ئامێز بوو، بەڵام هۆشداریشیدا کە واتایەکی دیکەی یادکردنەوەی هۆڵۆکۆست ئەوەیە پێویستە "هۆشیاربین کە ئەم شتانە دەکرێت دووبارە رووبدەنەوە، ئەوەش لەڕێگەی ئەو ئایدۆلۆژیایانەی کە بانگەشەی رزگارکردنی خەڵک دەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا خەڵک و مرۆڤایەتی لەنێودەبەن".

لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل، بە هەمان شێوە، رێوڕەسمی تایبەت بە هۆڵۆکۆست بەڕێوەچوو.

دەیڤید ساسۆلی، سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی "ئەوەی کە لەو کەمپە زۆرەملێیە و هەموو کەمپەکانی دیکەی نێو ئەوروپا روویدا، ئەرکی ئەوەمان پێدەدات کە ئاگاداربین و بزانین چی روویدا".

ساڵی 2005، نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 27ی کانوونی دووەمی بە رۆژی جیهانیی یادکردنەوەی هۆڵۆکۆست دانا. هاوکات لە پەرلەمانی ئەڵمانیاش بۆنەیەکی تایبەت بۆ یادکردنەوەی ئەو رۆژە بەڕێوەچوو.

یەکێک لە رزگاربووانی هۆڵۆکۆست لە پەرلەمانی ئەڵمانیا قسەیکرد و گوتی "نیشتمانەکەم لەدەستدا، شەڕم لەپێناویدا کرد و بەدەستم هێنایەوە".

شارلۆت نۆبلۆچ، هاووڵاتییەکی ئەڵمانیی جووی تەمەن 88 ساڵانە، بە ئەندام پەرلەمانەکانی وڵاتەکەی راگەیاند، ژیانی هاوئایینەکانی لە ئەڵمانیا هێشتا زۆر دوورە لە ئاساییبوونەوە، ئەگەرچی نزیکەی هەشت دەیە بەسەر رووداوەکەدا دەربازبووە.
rudaw -
Top