تورکیا: 25 راوێژکاری سەربازیمان بە مەبەستی پشتیوانیکردنی سوپای عێراق ناردە بەغدا

تورکیا: 25 راوێژکاری سەربازیمان بە مەبەستی پشتیوانیکردنی سوپای عێراق ناردە بەغدا
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند 25 راوێژکاری سەربازییان بە مەبەستی پشتیوانیکردنی سوپای عێراق ناردوونەتە بەغدا.

بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە ئەمڕۆ سێشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2021 بڵاویکردووەتەوە، لەنێو ئەو 25 راهێنەرە سەربازییەدا، ئەفسەری پلە بەرزیش هەن، یەکێکیشیان پلەی عەمیدە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ئاماژەی بەوە کردووە "ئەو 25 راوێژکارە سەربازییەمان لە چوارچێوەی دیدگای ناتۆی عێراق (NM-I) و بەمەبەستی پشتیوانیکردنی سوپای عێراق بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن و لەوێ ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن".

رۆژی 22ی کانوونی دووەمی 2021 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی رەوشی شنگالەوە رایگەیاند، رەنگە لەڕێگەی دەستتێوەردانی سەربازییەوە چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەکە دەربکات، گوتیشی "من هەمیشە گوتەیەکم هەیە کە دەڵێم 'شەوێک لەناکاو دێین' هەموو بابەتەکەش هەر ئەمەیە".

رۆژی 20ی کانوونی یەکەمی 2021 خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا دوای سەردانێکی دوو رۆژە بۆ بەغدا و هەولێر بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند پێشنیازیان کردووە ئەزموونی سەربازیی ناتۆ لەڕێگەی راهێنانەوە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بدەنەوە.

ئاکار گوتیشی "هاوتەریب بە راهێنانە سەربازییەکان لە بابەتی فێربوونی زمانیش بەشێوەی دوولایەنە گەیشتوونەتە رێککەوتن و خولی فێربوونی زمانەکانی تورکی و عەرەبی بۆ کارمەندانی ئەمنی و سەربازیی هەردوولا دەکرێتەوە".

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند "عێراق لە توانایدایە کۆتایی بەو هەڕەشانە بهێنێت کە دەکرێنە سەر تورکیا"، گوتیشی "رێگەنادەین خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا بەکاربهێنرێت".

خولوسی ئاکار لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و، لە راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە درابوو کە لە کۆبوونەوەکە جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان کراوەتەوە.

هەروەها وەزیری بەرگریی تورکیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش گفتۆگۆ بوو لەسەر دۆخی ئەمنیی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا.

لە 10-10-2020 حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەقی رێککەوتنەکەی نێوانیان لەبارەی شنگال بڵاوکردەوە و کە تێیدا هاتبوو، حکومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی شارەکە دەکات و دەبێت کۆتایی بە بوونی پەکەکە و هەموو ئەو گرووپانە بێت کە پەیوەندییان پێوەیەتی.
rudaw-
Top