فەرەنسا: پێویسته ئێران رێز له رێككهوتنی ناووكی بگرێت
راوژكارێكی كۆشكی ئەلیزیە، لە میانی قسەكردنی بۆ كۆمەڵەی رۆژنامەوانانی دیپلۆماسی فەرەنسا جەختیكردەوە، "ئەگەر ئەوان (ئێران) جدی بێت لەبارەی دانوستانەكان و ئەگەر بیەوێت ھەموو لایەنەكانی پەیوەست بە رێككەوتنەكەوە پابەند بن، دەبێت یەكەم جار واز لە كارە ھەراسانكارییەكانی بھێنێت و دووەمیش رێز لەوە بگرێت ئەوەی (ئێران) وازی لە رێزگرتنی ھێناوە، واتە پابەندییەكانی".
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان، مەجید تەخت رەوانچی پێشتر رایگەیاندبوو، ھەموو شتێك لە دۆسیەی پەیوەندییەكان لە نێوان وڵاتەكەی و ئەمەریكا بە ئیدارە جۆ بایدنەوە وابەستەیە.
رەوانچی لە دیدارێكیدا لەگەڵ "ئێن بی سی نیوز" لە وەڵامی پرسیارێك، كە ئایا ئێران بە نیازی چییە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ئەتۆمی؟ گوتی: "ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەمەریكایە".
ھەروەھا ئاشكرایكرد، لەدوای دەستبەكاربوونی بایدن لە پۆستەكەیدا، وڵاتەكەی ھیچ گفتوگۆی لەگەڵ ئەمەریكا نەكردووە، ئاماژەشیكرد، تاران، نە پلانی دەستپێكردنی دانوستانی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمەریكا ھەیە و نە بەڕێگای ناوەندگیریشەوە، گوتیشی: وڵاتەكەی ھیچ ھەنگاوێكی نییە بۆ درووستكردنی متمانە، بەڵكو كارەكە بۆ ئەمەریكا ماوەتەوە.
ئەم لێدوانەی ئەو بەرپرسەی ئێران ھاوكات بوو لەگەڵ لێدوانی فەرمانداری فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا، فرانك ماكنزی لە میانی یەكەم گەشتی بۆ ناوچەكە لە سایەی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا، كە جەختیكردەوە لەوەی دەرفەتێكی نوێ لە بەردەم پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران ھەیە دوای دەستبەكاربوونی بایدن.
k24 -
