شاندێکی تاڵیبان سەردانی تاران دەکات

شاندێکی تاڵیبان سەردانی تاران دەکات


شاندێکی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان سەردانی تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 26-1-2021، سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، شاندەکە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی مەلا عەبدولغەنی برادەر، دانوستاندنکاری تاڵیبان و یەکێک لە سەرکردە دامەزرێنەرەکانی، گەیشتووەتە تاران.

سەعید خەتیبزادە هەروەها رایگەیاندووە، شاندەکەی بزووتنەوەی تاڵیبان بە بانگهێشتی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەردانی تارانی کرد.

هەروەک گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی رایگەیاندووە، کە شاندەکەی تاڵیبان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران بە تایبەت محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئەفغانستان دەکات.

تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوەی ئەفغانییە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەل رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە هەیە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەندرێت.

تاڵیبان لە ساڵی 1994 دروست بووە و لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی ئەفغانستاندا گرت و بەهۆی پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ئەمریکا لە ساڵی 2001 حوکمڕانیی تاڵیبانی رووخاند.



باسنيوز
Top