ئێران: چاوەڕوانی یەکەم هەڵوێستی دیپلۆماسیی جۆ بایدنین

ئێران: چاوەڕوانی یەکەم هەڵوێستی دیپلۆماسیی جۆ بایدنین


باڵوێز و نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاشکرای کردووە، تاران هیچ بەرنامە و پلانێکی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی جۆ بایدن نییە و چاوەڕوانین کە سەرکۆماری ئەمریکا یەکەم هەنگاو بۆ لابردنی گەمارۆکان و گەرانەوەیان بۆ ناو ڕێککەوتنی ناوکی هەڵبگرێت.

مەجید تەخت ڕەوانچی، نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (BBC) ئاشکرای کردووە: "ئێران هەتا ئێستا لەمبارەوە لەگەڵ حکوومەتی نوێی ئەمریکا هیچ گفتوگۆ و دانوستانێکی نەکردووە".

ئەو دیپلۆماتەی ئێران لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئێران بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن بە نێوبژیوانیی سویسرا، هیچ پلانێکی هەیە، گوتی: "نا، ئێمە بە هیچ شێوەیەک بەتەما نین لەمبارەوە دەستپێشخەری بکەین".

ساڵانێکە لەبەر ئەوەی ئەمریکا لە تاران باڵوێزخانەی نییە، پێوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەڕێگەی باڵوێزخانەی سویسراوە لە تاران جێبەجێ دەکرێت.

جۆ بایدن، سەرکۆماری ئەمریکا پێشتر ڕای گەیاندووە کە بەتەمایە ئەمریکا بگەڕێتەوە ناو ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران کە پێشتر بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە کشاوەتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆشکی سپی ڕای گەیاندووە کە ئەمریکا بۆ تاوتوێی پرسی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی گفتوگۆ و دانوستانی کردووە و بڕیارە مانگی داهاتووش شاندێکی ئیسرائیل هەر لەمبارەی پرسی ئێرانەوە سەردانی ئەمریکا بکات.








باسنيوز
Top