ئەحمەد سەحاف: ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە خاکی عێراقدا نایاساییە

ئەحمەد سەحاف: ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە خاکی عێراقدا نایاساییە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە خاکی عێراقدا تاکلایەنەیە دژی یاسای نێودەوڵەتییەکان و سرووشتی پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنقەرەیە.

هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەندێک جار ناکۆکیی لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا دروست کردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، ئەو کارەی تورکیا تاکلایەنە دەیکات دژی یاسای نێودەوڵەتی و سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاند: "ئێمە هەموو جارێک دەڵێین نابێت راوەدوونانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە رێگەی پێشێلکردنی سەروەریی عێراقەوە بێت. هەر کارێکی تاکلایەنەی ئەمنی رەتدەکرێتەوە و پێویستە بەهاوئاهەنگیی حکومەتی فیدراڵی بێت."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: "سەروەریی عێراق یەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ناوچەی حاجی ئۆمەران و ناوچەکانی دیکە بۆردوومان دەکرێن و ئەوەش زیان لە ژێرخان و سامانی مرۆیی دەدات و ترس لای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی عێراق دروست دەکات و زیانی لێدەکەوێتەوە. هەر بۆیە کارێکی سەرکۆنەکراوە و رەت دەکرێتەوە."

ئەو بابەتە و کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە و سەروەریی عێراق لە گفتوگۆیەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداودا لە هەولێر گەنگەشە کرا کە بە ناونیشانی "سیاسەتی دەرەوەی عێراق لە سەردەمی کابینەی مستەفا کازمیدا" بۆ ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئامادەبوونی شارەزایان و نوێنەرانی حکومەت و ژمارەیەک لایەنی سیاسی رێکخرابوو.

ساڵی رابردوو دوو گەڕی گفتوگۆی ستراتیژی لەنێوان عێراق و ئەمریکا بەڕێوەچوون. یەکەمیان لە مانگی حوزەیراندا بوو و ئەوی دیکەشیان لە مانگی ئابدا.

کاتێک مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە، لەو سەردانەدا ترەمپ جەختی لە کەمکردنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق کردەوە و ئێستاش ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا لە پێنج هەزار و 200 سەربازەوە بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز کەمکراونەتەوە.

د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوە کرد: "چارەنووسی رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا وەزیری دەرەوە رایگەیاندووە و داوا لە ئیدارەی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی تیمی نوێی دانوستاندنکار دیاری بکەن. ئەوەش بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گەڕەکانی گفتوگۆی ستراتیژی. دیالۆگ بەردەوامە، چونکە هاوبەشی و بەرژەوەندیی عێراق بەردەوامە و لەسەر ئەمەش بەردەوام دەبین."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەوڵەکانی وەزارەتەکەی بۆ رازیکردنی باڵیۆزی وڵاتان و لەوانەش ئەمریکا خستەڕوو بۆ ئەوەی لەم کاتە هەستیارەدا وڵاتەکەی جێنەهێڵن. ئەوەش بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکییانەی جاروبار ناوچەی سەوز دەکەنە ئامانج.

د. ئەحمەد سەحاف دەڵێت: "لە دیداری باڵیۆز و نوێنەرانی دیپلۆماسیی وڵاتاندا لە بەغدا لە ماوەی تەنیا 15 رۆژدا لەگەڵ باڵیۆزی هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا جەختمان لە سێ بابەتی گرنگ کردەوە. حکومەتی عێراق پابەندە بە رێککەوتنی ڤیەننا بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی وڵات. بەردەوام دەبین لە دابینکردنی زیاتری ئاسایشی نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا. پێمان راگەیاندن ئێوە هاوبەش و دۆستی عێراقن و تاوەکو ئێستا پێویستمان بە پشتیوانیی ئێوەیە. هەموومان بە بەرەنگاریدا تێدەپەڕین و گوتوومانە لەگەڵ ئێمە بن بۆ رووبەڕووبوونەوە، چونکە کشانەوە لە بەغدا بۆشاییەک دروست دەکات."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەشی نەشارەوە کە ململانێی هەرێمیی نێوان ئەمریکا و ئێران و کێشە و ململانێ ناوخۆییەکان دوو لەو بەرەنگارییە سەرەکییانەن کە رووبەڕووی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بوونەتەوە.
rudaw-
Top