توركیا ئیگۆرەكان دەكاتە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆی

توركیا ئیگۆرەكان دەكاتە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆی
دوای ئەوەی لە مانگی رابردوو په‌كین پەسندی پەیماننامەیەكی ئەمنی لەگەڵ ئەنقەرە كرد بۆ ئاڵوگۆڕكردنی داواكراوانی نێوانیان، ترس و دڵەڕاوكی بەھەزاران ئیگۆری راكردوو لە چینەوە بەرەو توركیا گرتووەتەوە، چونكە ئەم ھەنگاوەی نێوان ئەم دوو وڵاتە لەوانەی ببێتە مایەی ئەوەی جارێكی دیكە كۆچ بكەنەوە لە ترسی رادەستكردنیان بە دەسەڵاتی وڵاتەكەیان، بە تایبەت ئەوانەی لە ناو توركیادا چالاكی سیاسی دەنوێنن.

ھەرچەندە توركیا بەفەرمی تاكو ئێستا رەتیدەكاتەوە پەنابەرانی ئیگۆری رادەستی لایەنی چینی بكەنەوە، بەڵام پارێزەرێكی تورك بە ناوی محەمەد ئۆغتان لە میانی ئەم ھەفتەیەدا ئاشكرای كردووە، ژمارەیەك لە موكیلەكانی لە ئیگۆر رادەستی وڵاتەكەیان كراونەتەوە بەڕێگای فڕۆكەخانەكانی توركیاوە، ھەرچەندە تاكو ئێستا ئەنقەرە رێككەوتنە ئەمنییەكەی لە پەرلەمان پەسند نەكردووە.

پارێزەرە توركەكە لە میانی كۆڕێك لەسەر ئاپی"زووم" ناوی سێ كەسی لە كەمینەی ئیگۆر ئاشكراكرد، توركیا رادەستی چینی كردوونەتەوە دوای ئەوەی پكین پەسندی رێككەوتنەكەی لەگەڵ ئەنقەرە كرد، كە پەیوەستە بە رادەستكردنی داواكراوانی نێوان ھەردوو لایەن.

بەپێی قسەكانی پارێزەكە، ئەو سێ رادەستكراوانە ھەر یەك لە "بورھان كەریم، محەمەد عەلی و جان توقەتی"ن. گوتیشی: چەند رۆژێك دوای ونبوونیان، دەسەڵاتدارانی ئەمنی گوتویانە ئەوانە ناناسن، بەڵام دواتر دانیانناوە بە رادەستكردنیان بە حكومەتی چین بەڕێگای فڕۆكەخانەكانی توركیاوە"، بەپی قسەكانی ئۆغتان، كە لە میانی كۆڕێكدا لەگەڵ پارێزەرانی دیكە كۆبوویەوە و كۆڕەكە تایبەت بوو بە دۆخی ئیگۆر لە توركیا.

لە لای خۆیەوە سەعید توم تورك، سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتیمانی لە "توركستانی رۆژھەڵات" كە لە توركیا نیشتەجێیە، رەتیكردەوە قسە لەسەر راگوێزانی ئیگۆرەكان بەرەو وڵاتەكەی بدات و جەختیكردەوە لەوەی ھیچ بەڵگەیەكی بەدەستەوە نییە، كەوا بیچەسپێنێت دەسەڵاتدارانی توركیا ئەم كارەیان ئەنجامداوە.

بەڵام لە لێدوانێكدا لەگەڵ "العربیة نێت" گوتی: ئەو زانیاریانەی لە كۆڕی پارێزەراندا ھات، "جددین" و لە قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی: "ھەندێك دەنگۆ بڵاوبوونەتەوە لەسەر راگواستنیان، ھەروەھا لەم دواییەدا ھەندێك ھەواڵمان پێگەیشت لەسەر دەستگیركردنی ھەندێك لە ئیگۆرەكان و ئەمەش بووەتە جێگای ترس و دڵەڕاوكێ".

ژمارەی ئەو ئیگۆرانەی بەرەو توركیا رایانكردووە دەگاتە 50 ھەزار كەس، بەڵام ئەو رێككەوتنەی ئەم دواییەی توركیا- چین، كە لەمیانی سەردانی سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ په‌كین لە مانگی ئەیاری ساڵی 2017 واژوكرا، ترسی خستووەتە دڵی ئیگۆرەكان، ھەرچەندە ئەنقەرە بە توندی رەتیدەكاتەوە، مەبەستیان لەو پەیماننامەیە رادەستكردنی ئەو ئیگۆرانە بێت، ئەوانەی لە توركیا نیشتەجێنە.

گەرچی ئەنقەرە، خۆی پیشاندا كەوا بەرگریكارە لە ئیگۆرەكان، كە رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی باس لە رەفتاری خراپی چین دەكەن لە بەرامبەریان، بەڵام سەرۆكی توركیا پێش دوو ساڵ، سیاسەتی چینی بەرامبەر بە ھەرێمی شینگیانگ، زێدی كەمینەی ئیگۆر بەباش وەسفكرد و ئەردۆغان رایگەیاند،"خەڵك لەوێ دڵخۆشن"، بەپێی ئەوەی ئاژانسی فەرمیی چینی نوێ گواستبوویەوە.

په‌كین چاودێرییەكی توندی خستووەتە سەر دانیشتوان ھەرێمەكە، دوای ئەوەی ھەرێمەكە چەند ھێرشێكی خوێناوی بەخۆیەوە بینی و بەرپرسیارییەتی ئەو ھێرشانەی خرانە ئەستۆی ئیسلامییەكانی ئیگۆر.

ئیگۆرەكان بە زمانێك قسە دەكەن، كە بە بەشێك لە زمانی توركی دادەنرێت، بەم ھۆكارەشەوە توانیان پرد لە نێوان خۆیان و ئەنقەرەدا درووست بكەن و بۆ ئەوان پەناگەیەكی ئارام بوو دوای راكردنیان لە چین.
k24 -
Top