رووسیا: ئەمریکا دەست لە کاروباری وڵاتەکەمان وەردەدات
ئەم گوتەیەی دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملن دوای ئەوە دێت کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رووسیا رۆژی یەکشەممە ئاگادارییەکی بۆ ئەمریکییەکانی دانیشتووی رووسیا بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت خۆیان لە خۆپێشاندانەکانی رووسیا بەدووربگرن و نەچنە ناو قەرەباڵخی و گردبوونەوەکان.
بەڵام حکومەتی رووسیا ئەم ئاگادارییەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ جوڵاندنی خەڵک ناودەبات و پێیوایە بە بڵاوکردنەوەی ئەم ئاگادارییانە، ئەمریکا دەیەوێت دۆخی ناوخۆی رووسیا بشێوێنێت.
بەهۆی خۆپێشاندانەکانی رۆژی شەممەوە لەلایەن لایەنگرانی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا و چالاکوانە رووسییەکانەوە، کە داوای ئازادکردنی ناڤالنی-یان دەکرد، پشێوی لە مۆسکۆ دروستبوو، بەو هۆیەشەوە 3500 کەس دەستگیرکران.
گوتەبێژەکەی کرملن دەڵێت، بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ئاگادارییانە لە جێگەی خۆیدا نییە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی رووسیا.
دەشڵێت ئەمریکا، بەو کارە دەیەوێت پشتیوانی لە تووندوتیژی بکات و هاوکاریی ئەوانە بکات کە دژی رێساکانی رووسیا کاردەکەن و پشتیوانی لە خۆپێشاندانی رێگەپێنەدراو دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش رایگەیاندووە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مۆسکۆ دەبێت روونکردنەوە لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو راگەیێندراوە بدات.
راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا باسی لەوەش دەکرد، واشنتن پشتیوانی لە خۆپێشاندانی ئاشتییانە و ئازادیی رادەربڕین دەکات.
ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدان، دوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا، جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی، ئەمریکا دەست بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەلێکسی ناڤالنی دەکات، لەکاتێکدا ئیدارەی پێشووی ئەمریکا، هیچ هەڵوێستێکی دیاری سەبارەت بە کەیسی ئەو سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا نەبوو.
rudaw -
