ئەردۆغان: بەهۆی شەڕی ئەرمینیاوە کەنەدا کامێرامان پێنافرۆشێت
لە مکاتی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەکارخستنی پێنجەم کەشتیی سەربازیی ئێف-535ـی دروستکراوی تورکیا و خستنە دەریای، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت کە گەمارۆیان خستووەتە سەریان و کەرەستەی سەربازییان پێنافرۆشن.
یەکێک لەو وڵاتانەی سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لێگرت کەنەدا بوو. ئەردۆغان لەو بارەیەوە گوتی: "دراوسێ خراپەکان ئێمەیان کردە خاوەنماڵ. بۆ نموونە کامێرا، گوایە ئێمە دۆستین و لە ناتۆ پێکەوەین. کامێرامان دەوێت کەچی پێمان نادەن. بۆچی؟ دەڵێت تۆ شەڕ لەگەڵ ئەرمینیا دەکەیت. ئەرمینیا هێرش دەکاتە سەر دۆستەکانم، ناچارین ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ هاوکاریی ئەوان بیکەین. باشە ئێمە لە ناتۆ پێکەوە نیین؟ ئەی بۆچی هەڵوێستێکی لەم شێوەیە نیشان دەدەیت؟"
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری تورکیا کە بە SIHA دەناسرێت لە شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا پشتیوانیی ئازەرییەکانی کرد و رۆڵی لە سەرکەوتنی باکو بەسەر یەریڤاندا هەبوو.
ئەوە لە کاتێکدابوو کامێرای دەستنیشانکردن و چاودێریی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە کە ئەرکەکەی تۆمارکردنی دیمەن و بەئامانجگرتنە، لەلایەن کۆمپانیای تەکنەلۆجیی کەنەدی "L3 Harris Wescam" بەرهەم هێنرابوو و فرۆشرابووە تورکیا. بەڵام کاتێک فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە دژی سوپای ئەرمینیا بەکارهێنرا، حکومەتی کەنەدا گرێبەستی فرۆشتنی ئەو کامێرایەی بە تورکیا هەڵوەشاندەوە.
هەروەها حکومەتی کەنەدا پێشتریش گەمارۆی فرۆشتنی چەکی سەربازیی لەسەر تورکیا دانا کە نیسانی 2020 جارێکی دیکە بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژیکردەوە.
rudaw -
