بایدن پێداچوونەوە بە رێککەوتنی ئیدارەی ترەمپ و تاڵیباندا دەکات
ئیدارەی نوێی ئەمریکا پێداچوونەوە بە رێککەوتنی ئیدارەی پێشووی وڵاتەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان دەکات.
جیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاندووە، هاوتا ئەفغانییەکەی لە پێداچوونەوە بە رێککەوتنی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (2017-2021) لەگەڵ تاڵیبان، ئاگادار کردووەتەوە.
ئاژانسی (رۆیتەز) لە زاری یەکێک لە دانوستاندنکارانی تاڵیبان بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەوان چاوەڕێ دەکەن بزانن ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا (کە لە رۆژی 20-1-2021 دەست بەکار بوو) پابەندی رێککەوتنەکە دەبێت یان نا؟
ئەو دانوستاندنکارەی تاڵیبان، کە رازی نەبووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، هەڕەشەی دەست پێکردنەوەی جموجۆڵ و کردە تیرۆریستییەکانی کردووە، ئەگەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا پابەندی رێککەوتنەکە نەبێت.
رۆژی 29-2-2020، ئەمریکا. تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر رێککەوتنی راگرتنی شەڕیان واژۆ کرد، کە گرنگترین خاڵی رێککەوتنەکە بریتی بوو لە کشاندنەوەی بەشێکی زۆری سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان.
تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوەی ئەفغانییە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەل رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە هەیە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەندرێت.
تاڵیبان لە ساڵی 1994 دروست بووە و لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی ئەفغانستاندا گرت و بەهۆی پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ئەمریکا لە ساڵی 2001 حوکمڕانیی تاڵیبانی رووخاند.
باسنيوز
