نەتەوە یەکگرتووەکان: لە 16 رۆژدا 12 کەس لە کامپی هۆل کوژراون

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە 16 رۆژدا 12 کەس لە کامپی هۆل کوژراون
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لە زیادبوونی تووندوتیژی لە کامپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. دەڵێت، لە زیاتر لە دوو هەفتەدا، 13 کەس لەو کامپە بوونەتە قوربانی.

یانس لایرک، گوتەبێژی نووسینگەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی - ئۆچا رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی بەدەستیان گەیشتوون ئاماژە بەوە دەکەن کە لە رۆژانی نێوان 1ی ئەم مانگە تاوەکو 16ی مانگ 12 هاووڵاتی عێراقی و سووری لە کامپی هۆل کوژراون و کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە.

کامپی هۆل بە گەورەترین کامپی تایبەت بە ئاوارە و کۆچبەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا دادەنرێت و نزیکەی 65 هەزار کەس لەخۆی دەگرێت و نزیکەی 10 هەزار کەس لەوانیش ژن و منداڵانی چەکدارانی پێشووی داعشن کە خەڵکی وڵاتانی جیاوازی جیهانن. رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، نزیکەی 94٪ی دانیشتوانی کامپەکە ژن و منداڵن.

یانس لایرک، گوتەبێژی ئۆچا ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە زۆر بە جیددی لە خراپبوونی باری ئەمنی لە کامپی هۆل لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نیگەرانین. نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی بەدەستگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکەن لەنێوان رۆژی 1ی کانوونی دووەم و 16ی کانوونی دووەمدا 12 کەسی عێراقی و سووری دانیشتووی کامپەکە کوژراون و یەکێک لەوانیش ژنێکی عێراقی بووە. لە هەمانکاتدا و لە هێرشێکی تووندوتیژیدا کەسێکی دیکە بە سەختی برینداربوو".

گوتەبێژی ئۆچا باس لەوەش دەکات، "بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی تووندوتیژی لەناو دانیشتووانی کامپەکە تەنیا لەدەستدانی تراژیدیانەی ژیان نییە، بەڵکو توانای نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشە مرۆییەکانی بۆ گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی و خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی کامپەکە دەخاتە مەترسییەوە. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی چەند جۆرێک یارمەتی پێشکێشی هۆل دەکەن، لەوانەش یارمەتی سەرەتایی و پێویستی بواری تەندروستی، ئاو، خواردن و شتی دیکە".
rudaw -
Top