دوای برێکزت کێشە بۆ کۆمپانیاکان و گواستنەوەی شتومەک دروست بووە

دوای برێکزت کێشە بۆ کۆمپانیاکان و گواستنەوەی شتومەک دروست بووە
سەرباری رێککەوتنی نێوان بەریتانیا و ئەوروپا دوای قۆناخی برێکزت، بەڵام جموجوڵی بازرگانی نێوانیان هێواش بووەتەوە، رۆتین، پشکنین و نرخی گومرگ لە سنوور، وایکردووە ژمارەیەک کۆمپانیای گواستنەوە واز لە هەناردەکردن و هاوەردەکردنی کاڵا بهێنن.

ئێدوارد ڤالاسکۆ، بەڕێوەبەری هەناردە لە کۆمپانیای رۆدانتۆ دەڵێت، "ئاڵنگاریی زیاترمان بۆ دروستبووە لە دوای برێکزتەوە، ئێستا داوای دۆکیۆمێنتی زیاترمان لێدەکرێت، رسومات نرخی زیاتری لەسەر دانراوە. بارهەڵگرەکان لەکاتی خۆیاندا ناگەن. هەر بارهەڵگرێک کە دەوەستێت پارە لەدەستدەدات".

پێناسی گومرگی و زیادکردنی باج لەسەر کاڵاکان دانەنراون، بەڵام بەهۆی ستانداردی جیاوازی خۆراکییەوە، کێشە بۆ کۆمپانیاکان و گواستنەوەی شتومەک دروست بووە، هەندێك لە کۆمپانیاکانی گواستنەوەش لە کارکردن وەستاون.

نیمیشا راجا، خاوەنی کۆمپانیای فروت کریپس دەڵێت، "ئێمە بڕیارمان دا لەم مانگەدا هیچ شتێک لە ئەورپاوە نەهێنین بۆ بەریتانیا و لە بەریتانیاشەوە نایبەین بۆ ئەوروپا. ئێمە بازرگانیمان لەگەڵ پێنج وڵاتی ئەوروپی هەبووە، بەڵام ئەوەی لە ساڵی رابردوو دەمانکرد، ئێستا وەستاوە".

جگە لە رۆتین و کاتی زۆری پشکنین لە سنوور، پشتڕاستکردنەوەی تەندروستی بەهۆی دۆخی پەتای کۆرۆناوە زیادی کردووە.

هاوارد وۆنگ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای لیتڵ موون ئاماژە بەوە دەکات، "بەرهەمەکانی ئێمە بابەتی بەرهەمی شیر و ماستن، لە کاتی هەناردەکردندا بڕوانامەی تەندروستییان دەوێت، دەبێت پزیشکی ڤێتێرنەریی فەرمی واژۆی لەسەر بکات، بۆیە ساڵانە دەبێت 50 هەزار پاوەند پارەی زیادە بدەین".

جگە لەوانە، بازرگانیی بواری ماسیش لە بەریتانیا رووبەڕووی کێشە بووەتەوە. ئەوانەی بەرهەمی ماسی بەریتانی دەگوازنەوە بۆ ئەوروپا لە رێسا تازەکانی بەریتانیا ناڕازین.

ئالان میلەر، خاوەنی کۆمپانیای ئەی ئێم سێلفیش باس لەوە دەکات، "هەفتانە دەبێت 3500 پاوەند پارەی زیاتر بدەم، هەمان ئەو پارەیەش دەگوازمەوە کە پێشتر کردوومە، ئەمە هەمووی بەهۆی رۆتین، پشکنینی تەندروستی، دۆکیۆمێنتی نوێی داواکراو، بێمانایە ئەمە. بەراستی ناتوانین بەم جۆرە بەردەوام بین ئەگەر گۆڕانکاری نەکرێت".

بازرگانی ماسی لەو وڵاتە دابەزیوە، بەرهەمەکانی بەریتانییەکان بە ئاسانی ناگاتە ئەوروپا. ماسیگرەکانی بەریتانیا لەوانە بوون پشتیوانییان لە برێکزت، پێیان وابوو بەریتانیا کۆنترۆڵی تەواوی دەبێت بەسەر سنوورە ئاوییەکاندا و تەنیا ماسیگرە بەریتانییەکان لەو ناوچەیە راوەماسی دەکەن، کەچی لە دوایین ساتەکاندا بەریتانیا رازیبوو ئەوروپییەکانیش بتوانن بە رێژەی 25% بەشداری لە کاری راوەماسی ئەو ناوچانە بکەن.
rudaw -
Top