بایدن قەدەخەی گەشتکردنی لەسەر 13 وڵات هەڵوەشاندەوە
بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوە سەرۆکایەتییەی کە بایدن واژۆی کردووە، قەدەخەی گەشتکردن بۆ ئەمریکا لەسەر ژمارەیەک وڵات هەڵدەوەشێندرێتەوە کە بریتین لە: ئێران، سووریا، سوودان، لیبیا، یەمەن، کۆریای باکوور، نایجیریا، قیرغیزستان، سۆماڵ، تەنزانیا، ڤەنزوێلا، بێرما و ئەریتیریا.
لە راگەیێندراوە سەرۆکایەتییەکەی بایدندا ئەوەشهاتووە، دووبارە پێداچوونەوە بۆ داواکاری ڤیزای هاووڵاتیانی ئەو 13 وڵاتە دەکرێت کە پێشتر بە هۆی بڕیارەکەی ترەمپ داواکارییەکانیان وەرنەگیرابوو.
دۆناڵد ترەمپ نزیک چوار ساڵ لەمەوبەر و دوای دەستبەکاربوونی وەک 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، بە فەرمانێکی جێبەجێکاری، قەدەخەی گەشتکردنی بەسەر بەشێک لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمان و کۆریای باکوور و ڤەنزوێلادا سەپاند و سەرەتای ساڵی 2020 بڕیاری قەدەخەکردنەکەی فراوانکرد بۆ ئەوەی ژمارەیەک وڵاتی ئەفریقیش بگرێتەوە.
هاوکات، دوو رۆژ دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی بایدن، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گوتارێکیدا داوای لە بایدن کرد، "بەبێ مەرج" سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت و بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی.
لە چوارچێوەی بڕیارە نوێکانیدا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کرد کە هاوکاریی پێشکەش ئەو ئەمریکیانە بکرێت کە برسیانە و خۆراکیان بۆ دابین بکرێت.
رۆژی پێنجشەممەش، جۆ بایدن، لە دووەم رۆژی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، بە ئامادەبوونی کامالا هاریسی جێگری و بەرپرسانی تیمی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، پلانی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە ئاشکراکرد و ژمارەیەک فەرمانی جێبەجێکاریی واژۆکرد بۆ تووندکردنی رێکاری خۆپارێزی دژی کۆرۆنا.
هاوکات سەرۆکی نوێی ئەمریکا بەردەوامە لە گرتنەبەری سیاسەتە نەرمەکانی لەئاست کۆچبەران و پەنابەرانی نێو وڵاتەکەی و ئەمجارە بەنیازە دەستکاری فەرهەنگی زمانەوانی نێو وەزارەتی کۆچبەرانی ئەمریکا بکات.
rudaw-
