ئیداره‌ی بایدن: ده‌ستبه‌جێ به بڕیاری ناساندنی حووسییه‌كان به "تیرۆریست" ده‌چینه‌وه
بڕیاره‌كه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ، رێگری بوو له‌وه‌ی هیچ جۆره مامه‌ڵه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌نساروڵڵای حووسی یه‌مه‌ندا بكرێت.
هاوكات وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مه‌ریكا له به‌یاننامه‌یه‌كدا لێخۆشبوونی بۆ ژماره‌یه‌ك رێكخراوی جیهانی له‌وانه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه ناحكومییه‌كان ده‌ركردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌نساروڵڵادا بكه‌ن.
حووسییه‌كان لایه‌نگری كۆماری ئیسلامی ئێرانن و له 2014ه‌وه كۆنترۆڵی سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌ن و رووبه‌رێكی فراوانی وڵاته‌كه‌یان كردووه.
له ناوه‌ڕاستی مانگی ئازاری 2015 سعوودییه سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانییه‌كی عه‌ره‌بی ده‌كات بۆ شه‌ڕكردن له دژی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه بڕیاری سیاسی بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و حكومه‌ته‌ی پشتیوانی ده‌كه‌ن و مه‌نسوور عه‌بد ره‌به سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.
ئه‌نتۆنی بلینكن، كاندید بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه له ئیداره‌ی بایدن، رایگه‌یاند، ده‌ستبه‌جێ چاو به‌و بڕیاره‌دا ده‌خشێنینه‌وه، كه حووسییه‌كان به تیرۆریست هه‌ژمار ده‌كات.
ئه‌نساروڵڵا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، هه‌نگاوه‌كه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ هوشیاری و سه‌قامگیری له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و رێگه‌كه‌مانی زیاد كرد و زیاتر بووه هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بین به رێبازه‌كه‌مانه‌وه.
هه‌روه‌ها رایانگه‌یاند، ئێمه ئاماده‌ین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر جووڵه‌یه‌كی دوژمنكارانه كه له دژمان بكرێت.
هاوكات له سه‌نعای پایته‌ختیش هه‌زاران هاووڵاتی له خۆپیشاندانێكدا ئیدانه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مه‌ریكایان كرد.
خۆپیشانده‌ره‌كان له‌سه‌ر لافیته‌كانیان نووسیبوویان: "مه‌رگ بۆ ئه‌مه‌ریكا"، "مه‌رگ بۆ ئیسرائیل"، "تیرۆر ده‌ستكردنی ئه‌مه‌ریكایه".
یه‌كێك له خۆپیشانده‌ره‌كان له لێدوانی‌دا بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" گوتی: ئێمه هاتووینه‌ته ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌مه‌ریكا دایكی تیرۆره، ئه‌مه‌ریكا مافی ئه‌وه‌ی نییه هیچ كه‌سێك به تیرۆریست وه‌سف بكات".
k24 -
