جۆ بایدن بە گریانەوە ویلایەتی دیلاوەری بەرەو واشنتن بەجێهێشت

جۆ بایدن بە گریانەوە ویلایەتی دیلاوەری بەرەو واشنتن بەجێهێشت
بڕیارە سبەینێ جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا وەکو 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربێت، پێش جێهێشتنی ویلایەتی دیلاوەر بەرەو واشنتن بە چاوی پڕ لە گریانەوە باسی لە کوڕە گەورەکەی کرد و گوتی "حەزم دەکرد ئەو ئێستا لێرە بێت".

رێوڕەسمی دانانی جۆ بایدن بە 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە کاژێر 11:30ی پێشنیوەڕۆ بە کاتی واشنتن و 07:30ی ئێوارە بەکاتی هەولێر لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.

بایدن لە نەخۆشخانە بەسەر سەری منداڵەکانییەوە ماوەتەوە بۆ ماوەی چەندین مانگ، سوێندی بوون بە ئەندامی کۆنگرێسی لە ژووری ناو نەخۆشخانەوە خوارد کە بۆو-ی کوڕی تێدا چارەسەر دەکرا. ساڵی 2015 بۆوی کوڕی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی مێشکەوە، گیانیلەدەستدا.

جۆزێف رۆبینێت بایدن، ناسراو بە بۆو بایدن، کوڕە گەورەی جۆ بایدنە، سیاسەتڤان و پارێزەر بووە.

وەک فیلمی "The Choice 2020: Trump vs. Biden" لە هەندێک دیمەندا دەیخاتەڕوو، بایدن کەوتە ژێر کاریگەریی قووڵی ئەو رووداوەوە، بەشێوەیەک، ئەو لە یەکێک لە دیمەنەکانی ناو نەخۆشخانەکەدا، بەدووری نازانێت رووداوەکە ئەو لە داهاتووی سیاسی خۆی بێبەش بکات، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، بەخێوکردنی منداڵەکانی بەبێ هاوسەرەکەی ئەرکێکی قورسە، لەوانەیە نەتوانێت کاری سیاسی و چاودێریی منداڵەکانی پێکەوە کۆبکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا بەشداریی رێورەسمەکە نابن؛ بەڵام مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبێت.
rudaw -
Top