کۆریای باشوور قەدەخەی گەشتکردن بۆ شەش وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست درێژدەکاتەوە

کۆریای باشوور قەدەخەی گەشتکردن بۆ شەش وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست درێژدەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور رایگەیاند، قەدەخەی گەشتکردن بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە بۆ شەش وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەشێکی فیلیپین و ناوچەکانی دیکە درێژدەکاتەوە.

ئەو شەش وڵاتەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، بریتین لە هەریەکە لە عێراق، سووریا، یەمەن، لیبیا، سۆماڵ و ئەفغانستان، هەروەها هەرێمەکانی باشووری وڵاتەکە، لەنێویاندا بەشێک لە ناوچەکانی فیلیپین وەکو نیمچەدوورگەی زامبۆوانگا، سولو، بازیلان و تاوی-تاوی.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور دەڵێت، ئەو ناوچە دیاریکراوانەش بە ناوچەی مەترسیدار دانراون کە "هێرشی تیرۆریستییان" تێدا دەکرێت و نائارامیی سیاسییان تێدایە و پێشبینیی دەکەن بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوامیی هەبێت.

ئەو رێکارە نوێیە لە 1ی شووباتی 2021ـەوە کاری پێدەکرێت تاوەکو 31ی تەممووزی هەمان ساڵ.

کۆریای باشوور گەشتکردنی بۆ عێراق، سووریا، سۆماڵ و ئەفغانستان لە ساڵی 2007ـەوە قەدەخە کردووە. سیئۆل لە ساڵی 2011 قەدەخەی گەشتکردنی بۆ یەمەن، لە 2014 بۆ لیبیا و لە ساڵی 2015 بۆ دوورگەکانی فیلیپین راگەیاند.
rudaw -
Top