ناڤالنی 30 رۆژ زیندانی دەکرێت

ناڤالنی 30 رۆژ زیندانی دەکرێت
بەپێی بڕیاری دادوەر، ئەلێکسی ناڤالنی بۆ ماوەی 30 رۆژ لە مۆسکۆ لە زینداندا دەمێنێتەوە.

پاش دەستگیرکردنی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا لە فڕۆکەخانەی شیریمیتیەڤۆ لە مۆسکۆ، رۆژی دووشەممە 2021/01/18 لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی خیمکی لە مۆسکۆ دادوەر دانیشتنێکی تایبەت بە گوێگرتنی لە ناڤالنی رێکخست.

دانیشتنەکە بڕیاری لەسەر دۆسیەی ناڤالنی نەداوە، بەڵام تەنیا بڕیاری دا تا 30 رۆژی دیکە دەستبەسەر بێت و لەو بەڕێوەبەرایەتییەی پۆلیسی مۆسکۆ دەستبەسەر بکرێت.

ناڤالنی لە رووسیا تۆمەتبارە بە دروستکردنی ئاڵۆزیی و دروستکردنی تۆمەت بۆ حکومەتی رووسیا.

دەسەڵاتدارێتیی رووسیا ئاماژە بەوەش دەکەن ناڤالنی چەند دۆسیەی دیکەی دادوەریی لەسەرە و لە داهاتوودا دادگە بڕیار لەسەر چارەسەنووسی دەدات.

رەخنەگرەکەی ڤلادیمێر پووتینی سەرۆکی رووسیا لە مانگی ئابی ساڵی 2020ـدا ژەهرخوارد کرا. دواتر گەیەنرایە ئەڵمانیا و ماوەی پێنج مانگ بۆ چارەسەر مایەوە. رۆژی یەکشەممە 17ی کانوونی دووەمی 2021 گەڕایەوە رووسیا و پاش کەمتر لە کاژێرێک لە گەیشتنی هەر لە فڕۆکەخانە دەستگیر کرا.

ناڤالنی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە چەند خوولەکێک پێش بڕیارەکەی دادوەر تۆمار کراوە، تێیدا داوا لە خەڵکی رووسیا دەکات بچنە سەر شەقام و دەست بە خۆپێشاندان بکەن.

ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاش داوا دەکەن هەرچی زووە ئازادکردنی ناڤالنی دەکەن و دەڵێن ئەو کارە سیاسییە و ناڤالنییش لە رووسیا وەک گیراوێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

یەکێتیی ئەوروپا داوای ئازادکردنی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپزیسیۆنی رووسیا دەکات و دەڵێت "دەستگیرکردنی ناڤاڵنی سیاسییە."

رۆژی یەکشەممە 2021/01/17 دوای پێنج مانگ مانەوە لە ئەڵمانیا، ئەلێکسی ناڤالنی لەگەڵ هاوژینەکەیدا بەرەو مۆسکۆ گەڕانەوە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانە لە کاتی پكشنینی پاسپۆرتدا لەلایەن پۆلیسی فڕۆکەخانەوە دەستگیرکران.

جگە لە دەستگیرکردنی ناڤالنی، ژمارەیەک لە لایەنگرانی دەستگیرکران کە بۆ پێشوازیکردنی چووبوون.

پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند: "نوێنەرانی یەکێتیی ئەوروپا، سەرۆکی کۆمیسیۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا و نوێنەرانی باڵا زۆر بە روونی داوای ئازادکردنی بەپەلەی بەڕێز ناڤالنی دەکەن و پێیان وایە بەسیاسیکردنی پرۆسەی دادوەریکردن و دەستگیرکردنی رکابەرانی سیاسی مایەی قبوڵکردن نییە. پێویستە ئەم کارە بوەستێنرێت. داواش لە دەسەلاتدارێتیی رووسیا دەکەین لە هەمان کاتدا ئەو کەس و رۆژنامەڤانانەش ئازاد بکات کە هاتبوونە فڕۆکەخانە بۆ پێشوازیکردن لە ناڤاڵنی."

ئەوە لە کاتێکدایە کە دادگای مۆسکۆ بڕیاری دا ناڤالنی تا 15ی مانگی داهاتوو دەستبەسەر بکرێت.

ناڤالنی لە مانگی ئابی ساڵی 2020 ژەهرخوارد کرا، بەلام دواتر لە نەخۆشخانەی چاریتەی بەرلین لە ئەڵمانیا چارەسەری بۆ کرا و دوای چاکبوونەوەی بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ رووسیا.
rudaw -
Top