فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ئەمریکی بۆ پێنجەمین جار بەسەر ئاسمانی کەنداودا سووڕایەوە

فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ئەمریکی بۆ پێنجەمین جار بەسەر ئاسمانی کەنداودا سووڕایەوە
سەرچاوەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، دوو بۆمبهاوێژی ستراتیژیی (B52) ئەمریکی دوێنێ یەکشەممە بۆ پەینجەمین جار بەسەر ئاسمانی ئاوەکانی کەنداو لە نزیک ئێران سووڕاونەتەوە.

گەشتی ئەو بۆمبهاوێژانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرای کرد کە مووشەکی بالستیکی دوورهاوێژیان لە ئوقیانووسی هیند تاقی کردووەتەوە.

ماڵپەڕی (یدیعوت ئەخرنوت)ی ئیسرائیلی دوێنێ یەکشەممە ١٧ی١ی٢٠٢١ لە ڕاپۆرتێکدا لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە: "لە یەک مانگی ڕابردوودا ئەمە پێنجەمین جارە فڕۆکە جەنگی و بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە ئاسمانی ئیسرائیلەوە تێدەپەڕن و بەسەر ئاسمانی ئاوەکانی کەنداو لە نزیک ئێران دەسووڕێنەوە".

بەپێی هەمان سەرچاوە نزیکەی ١٠ ڕۆژ پێش چەند فڕۆکەی شەڕکەری (F16)ی ئەمریکی، پاسەوانیی دوو بۆمبهاوێژی (B52)یان کردووە کە توانای هەڵگرتنی مووشەکی ناوکییان هەیە و بەسەر ئاسمانی کەنداودا گەشتیان کردووە.

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە یەک هەفتە لەمەوبەر گرتە ڤیدیۆیەکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سوپای وڵاتەکەی بە هاوبەشیی ئەمریکای بڵاو کردەوە کە تێیدا فڕۆکەی (F15)ی سعوودی و بۆمبهاوێژی (B52) و فڕۆکەی (F16)ی ئەمریکی دەبینرێن.

لەم پێوەندییەدا محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەروەی ئێران لە کاردانەوە بە گەشتی بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا، لە توێتێکدا ڕوو بە دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا ڕای گەیاندووە: "ئەگەر مەبەستتان لەو گەشتانە ترساندنی ئێرانە، باشتر بوو ئەو ملیار دۆلارانەتان بۆ سەلامەتیی گیانی ئەو کەسانە تەرخان کردبا کە لە ناوخۆی وڵاتەکەتان باجیان لێ وەردەگرن".












باسنيوز


Top