میدیاکانی تورکیا: جێگیرەوەی مێركل کەسێکی دژ بە پەكەكەیە

میدیاکانی تورکیا: جێگیرەوەی مێركل کەسێکی دژ بە پەكەكەیە


ئارمین لاشیت، وەكوو سەرۆكی پارتی یەكگرتووی دیموكرات كریستیانەكانی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا، كە ١٨ ساڵە ئەنجێلا مێركل ئەو پۆستەی هەیە و سەرۆكوەزیرانی ئەڵمانیایە، بەڵام ئارمین توانی ئەو پۆستە بەدەست بهێنێت و بەپێی زانیاریی میدیاکانی تورکیا ئەو كەسایەتییە زۆر ڕقی لە پەكەكەیە و بە تیرۆریستی ناو دەبات.

میدیاكانی توركیا گەشبینن بە بوونی ئارمین وەكوو جێگیرەوەی مێركل، هەروەها لە داهاتوویەكی نزیكیشدا دەبێتە سەرۆكوەزیرانی ئەڵمانیا، چونكە دۆستی توركیایە.

ئەحمەد هاكان، نووسەری دیاری توركیا و رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی، لە نووسینێكدا باسی لە گرنگیی ڕۆڵی ئارمین بۆ توركیا دەکات.

هاكان ئاماژەی بەوەش داوە لەبەر دوو هۆكار ئارمین كێشەیە بۆ پەكەكە، یەكەمیان ئەو كەسایەتییە پەكەكەی پێ تیرۆریستە و دووەمیشیان دۆستی توركیایە.

هاكان باسی لەوەش کردووە ئارمین بەشداریی بەرنامەیەكی كردووە و یەكێك لە میوانانی بەرنامە پەكەكەی پێ تیرۆریست نەبووە، ئەویش بە توندی وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی پێویستە بڵێیت پەكەكە تیرۆریستە.

چەند میدیایەكی تری توركیاش ئاماژەیان داوە، ئەگەر ئارمین ببێتە سەرۆكوەزیرانی ئەڵمانیا، حاڵی پەكەكە لە ئەڵمانیا خراپ دەبێت و رەنگە نەتوانن چالاكیی سیاسی و ئەدەبی و كولتووریان هەبێت.

هاوکات دوور نییە لەبەر دڵی توركیا چەند كەسایەتییەكی پەكەكە رادەستی توركیا بكاتەوە.






باسنيوز
Top