ناڤاڵنی گەڕایەوە رووسیا

ناڤاڵنی گەڕایەوە رووسیا
سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا کە ناسراوە بە رەخنەگرە تووندەکەی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، دوای چاکبوونەوەی گەڕایەوە مۆسکۆ و دەشڵێت، هیچ ترسی لە دەستگیرکردن یان دەستبەسەرکردن نییە.

ئەلێکسی ناڤاڵنی لە مانگی ئابی 2020، دوای ژەهرخواردکرانی، گەیێندرایە بەرلین، لەو کاتەشەوە لە ئەڵمانیا ماوەتەوە.

ناڤاڵنی لە ئەڵمانیا لە نەخۆشخانەی چاریتەی بەرلین چارەسەری وەردەگرت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە گەڕایەوە مۆسکۆ.

دۆسیەی ناڤاڵنی وایکرد رەخنەکان لەسەر رووسیا زیاتربن، تەنانەت حکومەتی رووسیاش تۆمەتبار دەکرا بە ژەهرخواردکردنی، بەڵام مۆسکۆ ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.

ئەو سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا لە فڕۆکەخانەی بەرلین پێش ئەوەی گەشتەکەی بەرەو مۆسکۆ بکات، لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە پرسیاری ئەوەی لێ کرا "ئاخۆ هیچ ترسی لەوە نییە لە مۆسکۆ دەستگیر بکرێت؟" گوتی "نەخێر ناترسم، من بێتاوانم".

ناڤاڵنی پێشووتر ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا خۆی دەستی هەبووە لە ژەهرخواردکردنیدا و باسی لەوەش کردبوو کارەکە بە فەرمانی پووتین ئەنجامدراوە.

لەکاتی گەڕانەوەیدا لە سیبیریاوە بۆ مۆسکۆ، لە ئابی رابردوودا، ئەلێکسی ناڤاڵنی لە ناو فڕۆکە باری تەندروستیی تێکچوو، دواتر رەوانەی ئەڵمانیا کرا. پزیشکە ئەڵمانییەکان دوای پشکنین رایانگەیاند، سەرکردە ئۆپۆزیسیۆنەکەی رووسیا ژەهرخوارد کراوە.
k24 -
Top