کۆمسیۆن داوای چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە باڵوێزخانەکان دەکات
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق داوا لە باڵوێزخانەی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمان، بکەن.
خاتوو جومانە غولای، گوتەبێژی کۆمسیۆن بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناوی 52 باڵوێزخانەی عەرەبی و بیانی و 19 رێکخراوی نێودەوڵەتی بە کۆمسیۆن داوە.
جومانە غولای هەروەها رایگەیاندووە، کۆمسیۆن داواکارییەکی ئاراستەی ئەو باڵوێزخانە و رێکخراوە نێودەوڵەتییانە کردووە بۆ ئەوەی چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن.
گوتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کەسانەی مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کردووە و رایگەیاندووە، 25 ملیۆن و 139 هەزار و 375 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان و عێراق مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە.
هەرچەندە مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی 6-6-2021ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری کردووە، بەڵام بەشێک لە سەرکردە و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، کە هەڵبژاردن لەو کاتە دیاریکراوەدا ناکرێت.
باسنيوز
