واشنتن و چەند ویلایەتێک لەئەمریکا خۆیان بۆ روبەڕوبونەوەی ناڕەزایەتی چەکداری ئامادەدەکەن
ئەمڕۆ یەکشەممە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن دی سی پاتەخت و زۆربەی ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و لە چەند ویلایەتێک "خۆپیشاندەران بە چەکەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان"، ترس هەیە لە چەند ویلایەتێک هێرشبکرێتە سەر ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو ویلایەتانە، بۆ ئەو مەبەستەش هەمو هێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
خۆپیشاندەران بە چەکەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان
پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکا پێشبینیدەکات لە خۆپیشاندانەکاندا توندوتیژی دروستببێت، بەتایبەتیش لەلایەن لاینەگرە توڕەکانی دۆناڵد ترەمپ کە چەکیان هەڵگرتوە، بۆ رێگریکردن لە روداوی نەخوازرا و هەروەها هەڵنەکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکاش، هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی لە واشنتن دی سی وەستێندراون، چونی خەڵکی ئاسایی بۆ نزیک کۆنگرێس و هەروەها کۆشکی سپی بەتەواوەتی قەدەغەکراوە، هەروەها زۆربەی شوێنە گشتییەکان داخراون و تا 21-ی مانگیش بە داخراویی دەمێننەوە.
سەرۆکی ئەمریکا کە خۆی هانی خەڵکیدا هەڵبکوتنە سەر یەکێک لە "پیرۆزترین دامەزراوەکانی وڵات"، لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنی دانی بەوەدا نا کە ئەو چەند رۆژەی داهاتو مەترسیداردەبن.
دەزگا هەواڵگرییەکان پێیان وتوم کە هەڕەشەی جیدی لە ئارادایە
لەوبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "دەنگۆ هەیە کە پلان داڕێژراوە لە رۆژانی داهاتو خۆپیشاندانی زیاتر لە واشنتن و لە سەرتاسەری وڵات بەڕێوەبچن، دەزگا هەواڵگرییەکان پێیان وتوم کە هەڕەشەی جیدی لە ئارادایە. "
سەرۆکی شارەوانی واشنتنیش رایگەیاندوە، نیگەرانم لە کۆبونەوەی هێزێکی زۆری سەربازی لە واشنتن، بەڵام دەیانەوێت بەشێوەیەکی ئاشتیان دەسەڵات لە ئیدارەیەکەوە بگوازرێتەوە بۆ ئیدارەیەکی دیکە.
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئامادەی ئاهەنگی دەستبەکاربونی جۆ بایدن و تیمەکەی دەبێت، سەرەتای هەفتە چوە نێو ئەو پاسەوانانەی لە واشنتن جێگیرکراون، دڵنیایی لێوەرگرتن کە دەبێت دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە ئاشتیانە و بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت.
بەدەر لە بڵاوکردنەوەی هێز لە واشنتن، لە پاسەوانی نیشتمانی لە چەند ویلایەتێکی دیکەش بڵاوکراونەتەوە لە نێویاندا 450 سەرباز لە پەنسلڤانیا، 1000 سەرباز لە کالیفۆرنیا. لە زۆربەی ویلایەتەکانی دیکەش هێزەکانی پۆلیس بڵاوکراونەتەوە.
گاڤن نیوسۆم، حاکمی کالیفۆرنیا دەڵێت "با بە رونی پێتان بڵێم چاوپۆشی لە توندوتیژی ناکەین، هەربۆیە بەهاوکاری پۆلیسی رێگەوبانی کالیفۆرنیا و پۆلیسی فریاکەوتن، رێگەم بە پاسەوانی نیشتمانیداوە پاڵپشتی لە پۆلیسی رێگەوبان بکەن و 1000 پاسەوانی دیکە بڵاوبکەنەوە، پارێزگاری لە ژێرخانی گرنگی ویلایەتەکە و پایتەختەکەی بکەن."
لە چەند ویلایەتێک قەدەغەی هاتوچۆ لە سەنتەری شارەکان و لەنزیک ئەنجومەنی نوێنەران راگەیێندراوە، لەوانەش کێنتەکی لە رۆژی یەکشەممەوە ئەنجومەنی نوێنەران دادەخرێت، داوا لە فەرمانبەرانی نیوجێرسی کراوە لە ماڵەکانیان کارەکانیان بەشێوەی ئۆنلاین بکەن.
باسنيوز
