بریتانیا بەئامانجی کوتانی 2 ملیۆن کەس لەهەفتەیەکدا ناوەندەکانی کوتان بەڤاکسینی کۆرۆنا زیاددەکات
لەسەر رێنمایی بەرپرسانی تەندروستی بریتانیا و بەمەبەستی زیاتر روبەڕوبونەوەی ئەو شەپۆلی توشبون و مردنەی بەهۆی کۆرۆناوە روی لەو وڵاتە کردوە، ناوەندەکانی کوتانی خەڵک بە ڤاکسینی کۆرۆنا زیاددەکرێن، ئامانج لەو هەنگاوەش کوتانی 2 ملیۆن کەسە لەهەفتەیەکدا.
لەسبەینێوە ناوەندی زیاتری کوتان دژی کۆرۆنا لەشارەکانی بریتانیا دەکرێنەوە بەمەبەستی نزیکبونەوە لەئامانجی کوتانی دو ملیۆن کەس لەهەفتەیەکدا
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی سکای نیوز، لەسبەینێوە ناوەندی زیاتری کوتان دژی کۆرۆنا لەشارەکانی بریتانیا دەکرێنەوە بەمەبەستی نزیکبونەوە لەئامانجی کوتانی دو ملیۆن کەس لەهەفتەیەکدا.
ئەوەش ئاشکراکراوە، جگەلە بونی حەوت ناوەندی گەورەی کوتان، هاوکات 10 ناوەندی دیکە لەیاریگا و شوێنە گشتییە داخراوەکاندا دەکرێنەوە و یەکێک لەو ناوەندانەش تەرخانکراوە بۆ کەسانی سەرو تەمەن 80 ساڵ و لەشوێنە دورەکانەوە دەهێنرێن بۆ ئەو ناوەندە.
زیاتر لەهەزار کارمەندی تەندروستی و 250 نەخۆشخانە پێشتر پرۆسەی کوتانیان ئەنجامداوە و ئەو ژمارەیەش زیاتردەکەن
ئەوەش زانراوە، زیاتر لەهەزار کارمەندی تەندروستی و 250 نەخۆشخانە پێشتر پرۆسەی کوتانیان ئەنجامداوە و ئەو ژمارەیەش زیاتردەکەن.
کوتان بەشێوەی بانگهێشتنامەیە، کۆتایی هەفتەی رابردو 641 هەزار بانگهێشتنامە نێردراون، کۆتایی ئەم هەفتەیەش 380 هەزار بانگهێشتنامەی دیکە رەوانەی ماڵان دەکرێت، و پێشئەوەی پێبنرێتە هەفتەی داهاتو 500 هەزار بانگهێشتنامەی دیکە دەنێردرێت.
ئەو کەسانەش کە ناتوانن بڕۆن هۆکاری گواستنەوەی تایبەتیان بۆ ئامادەکراوە، سەرۆک وەزیرانیش هانی خەڵک دەدات لەکاتی گونجاوی خۆیاندا ئامادەبن لەناوەندەکانی کوتان.
دوێنێ دامەزراوەی تەندروستی نیشتیمانی بریتانیا بڵاویکردەوە، لەماوەی 24 کاتژمێردا هەزار و 295 حاڵەتی نوێی مردن بەکۆرۆنا تۆمارکراوە کە دوەم بەرزترین ژمارەی مردنە لەڕۆژێکدا، جگەلەوە 41 هەزار و 346 حاڵەتی نوێی توشبونیش تۆمارکراوە.
خەندان-
