لە تورکیا کچێک داخوازیی دوو کەس قبووڵ دەکات و دەبێتە شەڕیان

لە تورکیا کچێک داخوازیی دوو کەس قبووڵ دەکات و دەبێتە شەڕیان
لە مێرسینی تورکیا دوو خێزان لە هەمان کاتدا دەڕۆنە خوازبێنیی کچێک و لە بەردەرگا تووشی یەکدی دەبن و دەیکەنە شەڕ.

ئەو دوو خێزانە یەکدی ناناسن، بەڵام داواکاری هەمان کچن. دوای شەڕ و دەمەقاڵێ بۆیان روون دەبێتەوە کە هەریەک لەو خێزانانە بڕی 60 هەزار لیرە کە دەکاتە نزیکەی 8 هەزار دۆلاریان بە ماڵی کچەکە داوە.

پۆلیسی مێرسین لێکۆڵینەوەی لە بابەتەکە کرد و سەرەنجام کچەکە و دایکی دەستگیرکران و تۆمەتبارن بە قۆڵبڕین و پارەخواردن.

ئەو کچ و دایکە لە کاتی دەستگیرکرانیاندا وەڵامی میدیاکانیان نەدایەوە و رووخساری خۆیانیان داپۆشی.

کچەکە بە پۆلیسی گوتووە کە ئەو لەگەڵ یەکێک لەو خوازبێنیکارانە جیددی بووە و ئاگاداری خوازبێنیکارەکەی دووەم نییە.

بەپێی گوتەی کەسانی نزیک لە رووداوەکە، بە مەبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئەو کچەدا پارە لە هەردوولا وەرگیراوە، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە کە هێشتا نازانرێت مەبەست لەوە چی بووە کە هەردوو خێزانەکە لە هەمان کاتدا بانگهێشتی ماڵەکە کراون.

ئێستا ئەو دوو خێزانە سکاڵایان تۆمارکردووە و دەڵێن: "ئێمە بە خوت و خۆڕایی و بەهۆی کچ و دایکێکی فێڵبازەوە سەر و کەللەی یەکدیمان شکاند!"

کچ و دایکەکە بە تۆمەتی فێڵکردن و دەستبڕین درانە دادگا و ئێستاش بە بڕیاری دادگا لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەرن و ناتوانن بڕۆنە دەرەوە.

ئەم رووداوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵک گوتەی جیاوازیان نووسیوە.
rudaw -
Top