گوتەیەکی ئۆجەلان لەسەر دیوارێکی ئۆسلۆ تورکیا تووڕە دەکات
ئامانجی وێنەکە پیشاندانی "بەهێزیی ئافرەت"ـە کە لەلایەن گەلاوێژ وەلیدخانی، هونەرمەندێکی رۆژئاوای کوردستانەوە کێشراوە.
گەلاوێژ لەسەر وێنەکە گوتەیەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پەکەکەی نووسیوە: "کۆمەڵگە بەبێ ئازادیی ئافرەتەکانی هەرگیز ناتوانێت ئازاد ببێت."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی وێنەکە دەکات و دەڵێت: "وێنەکە وەکو پڕوپاگەندەیە بۆ رێکخراوە تیرۆرستییەکانی پەکەکە، یەپەگە و یەپەژە و، بە سپۆنسەری شارەوانیی ئۆسلۆ لە شوێنێکی گشتی هەڵواسراوە." هەروەها داواش دەکات وێنەکە لاببرێت و دەڵێت: "دەبێت ئەم پڕوپاگەندە تیرۆرستییانە دەستبەجێ رابگیرێن."
ئیڤۆر ئیڤێنرود، سەرۆکی کاروباری کولتووریی شاری ئۆسلۆ لە تویتێکدا دەڵێت: "سڵاو تورکیا، ئێمە لە نەرویج باوەڕمان بە ئازادیی رادەربڕین و دیموکراسی هەیە. کەسە سیاسییەکان ناتوانن وێنە بگۆڕن یان دەستکاری بکەن. سەیرمان بکە و فێر ببە."
لە شارەوانیی ئۆسلۆ نزیکەی 80 سکاڵا و داواکاری بۆ لابردنی وێنەکە تۆمارکراون. هەروەها رێکخراوی یەکێتیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی هاتیچ لوک تاوەکو ئێستا 300 واژۆی بۆ لابردنی وێنەکە کۆکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵگەی هونەرمەندە لاوەکان و یەکێتیی هونەرمەندانی نەرویج پشتگیریی خۆیان بۆ وێنەکە دەربڕیوە.
گەلاوێژ وەلیدخانی لەبارەی وێنەکەیەوە دەڵێت: "ئەو کارە هونەرییە کێشەکانی ئافرەت بە گشتی دەخاتەڕوو، نەک تەنیا جەنگاوەرە کوردەکان." هەروەها دەشڵێت، تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو وێنەیە هیچ هەڕەشەیەکی لێ نەکراوە.
عومەر سامی جەمال، سەرۆکی بەشی کولتووریی شاری ئۆسلۆ دەڵێت، ئەو لەوە تێدەگات کە وێنەکە کاردانەوەی تورکیا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام هەموو کەسێک لە ئۆسلۆ شوێنی خۆی هەیە.
rudaw -
