سەربەخۆخوازانی باشووری یەمەن دژی سەرۆکی وڵات هەڵوێست وەردەگرن
ئەمڕۆ شەممە 16-1-2021، عەلی کەسیری، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، بڕیارەکانی عەبد رەبە مەنسوڕی سەرۆکی یەمەن ”تاکڕەوانە و مەترسیدار بوون“.
عەلی کەسیری هەورەها رایگەیاندووە، عەبد رەبە مەنسوڕ لە رێککەوتنی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن دەرچووە و بەو بڕیارەی رێککەوتنی ریاز هەڵدەوەشێنێتەوە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەوان بڕیارەکەی مەنسوڕ بەتەواوی رەت دەکەنەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن کۆدەبێتەوە و ”بەزووترین کات“ هەڵوێستی فەرمیی خۆی رادەگەیەنێت.
رۆژی هەینی 15-1-2021، عەبد رەبە مەنسوڕ بەبێ راوێژکردن بە ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن، بڕیاری دامەزراندنی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وڵاتەکەی، لە نێوانیاندا سەرۆکی ئەنجوومەنی شورا و داواکاری گشتیی یەمەنی دا.
پێشتر لە مانگی 12ـی 2020، سەرۆکی یەمەن دروستکردنی حکوومەتی نوێی نیوە بە نیوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن، لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوانیان لە ریازی پایتەختی سعودیە، راگەیاند.
پێشتر لە 5-11-2019 و بەپێی رێککەوتنێک، کە بە سەرپەرشتیی سعودیە لە ریاز بەسترا، ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن لەگەڵ حکوومەتی یەمەن رێککەوت لەسەر یەکخستنەوەی وڵاتەکە و پێکهێنانی حکوومەتی یەکگرتووی یەمەن.
بەهۆی پابەند نەبوونی حکوومەتی یەمەن بە پێدانی مافەکانی گەلی باشووری یەمەن، شەوی 25-4-2020، لە بەیاننامەیەکدا، ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشووری یەمەن باری لەناکاوی لە پارێزگاکانی باشووری وڵات و حوکمی خۆڕێبەریی باشووری یەمەنی راگەیاند.
لە 22-5-1990، هەردوو کۆماری یەمەنی دیموکراتیی میللی (باشوور)، کە سەر بە بەرەی سۆسیالیستیی جیهان بوو و کۆماری عەرەبیی یەمەن (باکوور)، کە سەر بە بەرەی رۆژئاوا بوو، رێککەوتن لەسەر یەکگرتن و ناوی وڵاتە نوێیەکە بووە کۆماری یەمەن.
باسنيوز
