ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش 17 بڕیار بۆ پاڵپشتیی له ئۆتۆنۆمیی ناوچه‌ی بیابانی مه‌غریب ده‌رده‌كا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی مه‌غریب ئاماژه به‌وه ده‌كا، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش 17 بڕیاری نێوده‌وڵه‌تیی بۆ پاڵپشتیكردنی ئۆتۆنۆمیی ناوچه‌ی بیابانی كێشه‌له‌سه‌ر له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی پۆلیساریۆ ده‌ركردووه.
ناسر بوریته، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی مه‌غریب، له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری 40 وڵات‌دا، له‌باره‌ی پاڵپشتیكردنی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌ی ناوچه‌ی بیابان، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه كۆبوونه‌وه‌كه له كاتێكدایه، كه كێشه‌ی بیابان پێشڤه‌چوونێكی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و بڕیاری ئه‌مریكاش له باره‌ی بیابانه‌وه هه‌نوكه‌یی نییه و بۆ چه‌ندین ده‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ئه‌نجامی ئه‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه هه‌ردوو حزبی دیموكراته‌كان و كۆمارییه‌كان له ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی له ده‌شتپێشخه‌رییه‌كه‌ی مه‌غریب ده‌كه‌ن.
ناسر بوریته له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپا و ئه‌فریقا، پاڵپشتی له ئۆتۆنۆمی ناوچه‌ی بیابان ده‌كه‌ن و له ئێستادا 20 وڵات ئاماده‌باشی ده‌كه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه له ناوچه‌ی بیابان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌مریكا و به‌ریتانیا ناوچه‌ی بیابانیان خستووه‌ته ناو نه‌خشه‌ی مه‌غریبه‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی مه‌غریب، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، كه خستنه‌ڕووی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه وه‌ڵامێكه بۆ بانگهوازگهڵێكی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له‌پێناو تێپه‌ڕبوونی ته‌نگژه‌كه و كردنه‌وه‌ی ده‌رگا داخراوه‌كان، هه‌ر بۆیه ئه‌م رێگه‌چاره‌یه، هاوسه‌نگییه‌ك بۆ هه‌موو لایه‌ك دروست ده‌كات.
له باره‌ی هه‌مان پرس، ده‌یڤد چینكهر، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا، ده‌ڵێت ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌ر له سه‌رده‌می بیل كلینتۆنه‌وه پاڵپشتپی پێشنیازی ئۆتۆنۆمی كردووه و به تاكه رێگه‌چاره‌ی داناوه بۆ پاراستنی بیابانهكه.
چینكهر گوتیشی پێشنیازی ئۆتۆنۆمیی مه‌غریب، تاكه چاره‌سه‌ری بنچینه‌یی و دادپه‌روه‌رانه و واقیعبینانه‌یه بۆ بیابان و، پێویسته كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی پاڵپشتی له‌م نه‌خشه‌رێگایه بكات به‌وپێیه‌ی چاره‌سه‌رێكی دڵسۆزانه‌یه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، شێخ عه‌بدوڵڵا بن زاید، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه مه‌غریب و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رێكیان خستبوو، گوتی ئیمارات به‌به‌رده‌وامی پاڵپشتی سه‌روه‌ریی بیابانی مه‌غریبی كردووه و به كرداریش له 14 ی نۆڤێمبه‌ری رابردووه‌وه كونسوڵخانه‌ی له شاری عیون كردووه‌ته‌وه.
گوتیشی ئیمارات پێشه‌نگی ئه‌و وڵاتانه‌یه، كه پاڵپشتیی هه‌ڵوێستی مه‌غریبی له كێشه‌ی بیابان كردووه و بڕیاری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش به سه‌روه‌ری مه‌غریب ئه‌من و ئاسایش له ناوچه‌كه سه‌قامگیر تر ده‌كات.
عه‌بدولـله‌تیف ئه‌لزیانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌حره‌ین، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ناوچه‌ی بیابان خاكێكی مه‌غریبییه، له‌ژێر ركێفی سه‌روه‌ریی مه‌غریبدایه و ده‌ستپێشخه‌ریی ئۆتۆنۆمی باشترین رێگاچاره‌یه و به كردنه‌وه‌ی كونسوڵگه‌ریی وڵاته‌كه‌ی له شاری عیون له مانگی رابردووه‌وه مه‌نامه پاڵپشتیی خۆی پته‌وتر كردووه. زیانی روونیشیكرده‌وه، كه پێشنیازی ئۆتۆنۆمی ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی هه‌میشه‌یی بۆ كێشه‌ی بیابانی مه‌غریب و له‌مباره‌یه‌وه پێشوازی له‌و پێشنیازه عه‌ره‌بی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه كرد، كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بیابان خستوویانه ته‌ڕوو.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌حره‌ین ئومێدی ئه‌وه‌شی خواست لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش بێنه سه‌ر هێڵ بۆ هێنانه‌دی ئاشتی و په‌ره‌پێدانی زیاتر له بیابانی مه‌غریب و ده‌وروبه‌ری دا.
هه‌فته‌ی رابردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی مه‌غریب له شارێكی ناوچه‌ی بیابان پێشوازیی له ده‌یڤد چینكهر، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كرد، كه به یه‌كه‌مین سه‌ردانی به‌رپرسێكی ئه‌مریكا بۆ بیابان ده‌ژمێردێت. ئه‌م سه‌ردانه‌ش دوای ئه‌وه دێت، كه واشنتۆن دانی به سه‌روه‌ریی مه‌غریب له ناوچه‌ی بیاباندا ناوه، كه ماوه‌یه‌كی زۆره له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی پۆلیساریۆ كێشه‌ی له‌سه‌ره.
چینكهر له لێدوانێكیدا، كه ئاژانسی مه‌غریبی عه‌ره‌بی بۆ هه‌واڵ، گواستوویه‌تییه‌وه، جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دان به سه‌روه‌ریی ته‌واوی شانشینی مه‌غریب به‌سه‌ر ناوچه‌ی بیابانه‌وه ده‌نێت.
باسنيوز
