ئەمریکا دوو گرووپی توندڕەوی میسری خستە لیستەی تیرۆرەوە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دوێنێ پێنجشەممە بڵاوی کردەوە کە (ئەنساری بەیتولموقەدەس)ی سەر بە داعش لە باکووری سینا و بزووتنەوەی (حسم)ی سەر بە ئیخوانەلموسلمینی لە میسر خستووەتە لیستەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کەلە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاوی کردووەتەوە هاوکات ئەو کەسانەی کە پێوەندییان بە گرووپ و بزووتنەوەی (حسم)ی سەر بە ئیخوانەلموسلمینی میسرەوە هەیە وەک (عەلا ئەلسەماحی) کە بە ڕەچەڵەک میسرییە و دانیشتووی تورکیایە و گومان دەکرێت دامەزرێنەی ئەو گرووپە بێت، لەگەڵ یەکیکی تر لە رێبەرانی ئەو گرووپە بەناوی یەحیا مووسا کە ئەویش دانیشووتی تورکیایە خستووەتە لیستەی تیرۆرەوە.
بزووتنەوەی باسکەکانی میسر ناسراو بە (حسم) ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە و چەندین کردەوە و ئۆپەراسیۆنی تیرۆری لە پایتەختی میسر لەدژی هێزە ئەمنییەکان ئەنجام داوە و بە گوتەی پۆلیسی میسر ئەو گرووپە سەر بە ئیخوانەلموسلمینن.
باسنيوز
