ئوسترالیا دەیەوێت کۆترێکی ئەمریکی بکوژێت کە "بەنایاسایی" چووەتە وڵاتەکە

ئوسترالیا دەیەوێت کۆترێکی ئەمریکی بکوژێت کە
کۆترێک لە ئەمریکاوە 13 هەزار کیلۆمەتری بەسەر زەریای هێمندا بڕیوە و ماڵێکی نوێی لە ئوسترالیا دۆزیوەتەوە، ئێستا بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، "ترس هەیە نەخۆشیی لەگەڵ خۆی هێنابێت" بۆیە دەیانەوێت بیگرن و بیکوژن.

رۆژی پێنجشەممە، کێڤن سێڵی بێرد کە دانیشتووی مالبۆرنە رایگەیاند، لە 26ـی مانگی رابردوو کۆترەکەی لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەی لە مالبۆرنی ئوسترالیا دۆزیوەتەوە. ئەو باڵندەیە لە 29ـی مانگی تشرینی یەکەم لە پێشبڕکێیەکدا لە ویلایەتی ئۆریگۆنی ئەمریکا دیارنەما.

بەرپرسانی ئوسترالیا داوایان لە سێڵی بێرد کردووە ئەو کۆترە بگرێت کە خۆی ناوی ناوە جۆی، بەڵام ئەو پێی گوتووە، ناتوانێت لێی نزیک ببێتەوە. بەرپرسانی تەندروستیی ئوسترالیا و وەزارەتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە ترسیان هەیە کۆترەکە نەخۆشی بۆ باڵندە و پەلەوەرەکانی وڵاتەکە گواستبێتەوە.

تاوەکو ئێستا کۆترەکە نەگیراوە، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاو و ژینگە دەڵین، دەبێت بگیرێت، چونکە مەترسییە بۆسەر پەلەوەرە خۆماڵییەکانی وڵاتەکە. گوتەبێژێکی وەزارەتەکە دەڵێت، "هەر باڵندەیەک کە بەبێ پشکنینی تەندروستی بچێتە وڵاتەکە، رێگەی پێنادەن بمێنێتەوە".

تاوەکو ئێستا روون نییە ئەو کۆترە چۆن توانیویەتی زەریای هێمن ببڕێت و بگاتە ئوسترالیا، بەڵام بەشێک لەبەرپرسان باوەڕیان وایە لەسەر کەشتییەکی بارهەڵگر نیشتبێتەوە و بەوشێوەیە زەریای بڕیبێت".

ئەوە یەکەمجار نییە ئاژەڵ یان پەلەوەر تووشی کێشە دەبێت لە ئوسترالیا، لە ساڵی 2015 جۆنی دیپ، ئەکتەری بەنێوبانگی هۆڵییود و ئەمبەر هێردی هاوژینی پێشووی کاتێک سەگەکانیان بردە ئەو وڵاتە، رووبەڕووی لێپێچینەوە بوونەوە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکرا کە سەگەکانیان دەکوژن تاوەکو دواتر بە فڕۆکەیەکی تایبەت سەگەکانیان بردە دەرەوە.

rudaw -
Top