نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە ئەمەریكا دەكات لە بڕیارێكی خۆی پاشگەز بێتەوە
مارک لۆودۆک، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری مرۆڤی لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند: وشکە ساڵی و برسیەتی لە یەمەن زۆر زیادیکردووە بەشێوەیەک، كە لە 40 ساڵی رابردوو ھاوشێوەی نەبووە. ئەم بڕیارەی ئەمەریکاش کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر گەیاندنی ھاوکارییەکان بە خەڵکی یەمەن و خراپتربوونی دۆخی مرۆڤی ئەو وڵاتە.
ھەرچەندە ئەمەریکا رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتوەکانی لە بڕیارەکەی بواردووە، بەڵام وەک لۆودۆک گوتی: ئەمە ھێشتا ناتوانێت رێگری لەو کارەساتە مرۆییە بکات، کە پێشبینی دەکرێت لە یەمەن رووبدات.
بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی حوسیەکان لە 19ی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ھیچ وڵات و کۆمپانیا و دامەزراوەیەک ناتوانن مامەڵە لەگەڵ حوسیەکان بکەن و ئالوگۆری پارەیان لەگەڵدا بکەن و خۆراک و دەرمان و سووتەمەنیشیان پێ بفرۆشێت.
لەلایەكی دیكەوە رووسیا بە ھەمان شێوە داوای لە ئەمەریكا كرد حوسییەكان نەخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە، ھەر لەبەر ھەمان ھۆیەكانی نەتەوە یەكرتووەكان و دەبێتە مایەی كارەساتی مرۆڤی و سەرنەگرتنی ھەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی یەمەن بە ئاشتیانە.
k24 -
