ئەردۆغان مانگێکە چاوەڕێی تەلەفۆنێکی بایدنە و هێشتا وەڵامیان نەداوەتەوە

ئەردۆغان مانگێکە چاوەڕێی تەلەفۆنێکی بایدنە و هێشتا وەڵامیان نەداوەتەوە
تەنیا حەوت رۆژی ماوەی بۆئەوەی جۆ بایدن نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا وەربگرێت، بەڵام هێشتا وەڵامی داوایەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای نەداوەتەوە کە داوایکردبوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامبدەن، ئەمەش بۆ هاوپەیمانێکی بەهێزی ناتۆ نائاساییە.

سێ کەسی ئاگادار لەو پرسە بە ماڵپەڕی 'میدڵ ئیست ئای'یان راگەیاندووە، مانگی رابردوو نووسینگەی ئەردۆغان داوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بایدن کردووە، بەڵام چەند هەفتەیەک بەسەر ئەو داوایەدا تێدەپەڕێت و هیچ گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی رێکنەخراوە.

بڕیاری بایدن لە وەڵامنەدانەوەی ئەو داوایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو لێدوانانەی ساڵی رابردوو بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی دا، لەوانەیە زۆر جێگای سەرسوڕمان نەبێت، کە گوتبووی، واشنتن دەبێت رێگەیەکی جیاواز بەرامبەر ئەردۆغان بگرێتەبەر و پاڵپشتیی ئۆپۆزسیۆنی تورکیاشی کرد.

ئەردۆغانیش بەشێوەیەکی خێرا پیرۆزبایی لە بایدن نەکرد بۆ بردنەوەی لە هەڵبژاردنی 3ی تشرینی دووەمی 2020 و بوو بە یەکێک لە دوایەمین سەرکردەکانی جیهان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.

تیمی گواستنەوەی دەسەڵاتی بایدن و سەرۆکایەتیی تورکیا رەتیانکردووەتەوە لێدوانی راستەوخۆ بۆ میدڵ ئیست ئای بدەن لەبارەی ئەو پرسەوە.

گوتەبێژێکی بایدن رایگەیاندووە، هەرکاتێک سەرکردەیەک پەیوەندیی کرد بۆ پیرۆزبایی، ئەوان ئامادەن لێدوان بدەن، "بەدەر لەوەش رەتیدەکەینەوە لێدوان [لەسەر پرسی دیکە] بدەین".

هاوکات گوتەبێژێکی سەرۆکایەتیی تورکیا رایگەیاندووە، ئەگەر ئەردۆغان پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بایدن ئەنجامبدات، بڵاوی دەکەنەوە. جگە لە پرسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، بەرپرسانی تورکیا لە ئەنقەرە بە ئاشکرا رایانگەیاندووە، بە هیوای پەیوەندییەکی بونیادنەرن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا.

ئیبراهیم کاڵن، راوێژکار و گوتەبێژی ئەردۆگان بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندووە، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ تیمی گواستنەوەی دەسەڵاتی بایدن تاوەکو ئێستا "زۆر ئەرێنین"، دەشڵێت "ئەوان دەڵێن، دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییە باشەکانیان لەگەڵ تورکیا بدەن و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە".

ئەسلی ئایدنتاسباس لە ئەنجوومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ماڵپەڕەکەی گوتووە "هەمووان تێدەگەن لە گرنگیی تورکیا بۆ ئەم بەشەی جیهان، ئیدارەی بایدنیش لەوە تێدەگات و دەخوازێت پەیوەندییەکی دوور لە کێشەی لەگەڵ ئەنقەرە هەبێت.. بەڵام کێشەی دیار لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان هەیە".

لە ساڵی 2014 بایدن لۆمەی تورکیا و ئیماراتی کرد لەوەی کە بەهۆی سیاسەتەکانیانەوە هۆکارن بۆ بەهێزبوونی داعش، بەتایبەتی ئەنقەرە لەوەی شکستی هێناوە رێگری لە چەکدارانی بیانی بکات لە چوونیان بۆ سووریا. ئەردۆغانیش بەو قسەیەی بایدن تووڕە بوو، بەشێوەیەک کە گوتی دەبێت بایدن داوای لێبووردن بکات یان "دەبێت بە مێژوو بۆ ئەو"، دواتریش جۆ بایدن داوای لێبووردنی کرد.

لە ساڵی 2016 و دوای هەوڵی کودەتاکە لە ئەنقەرە، بایدن سەردانی ئەردۆغانی کرد و بە ئاشکرا داوای لێبووردنی کرد لەوەی کە زووتر سەردانی نەکردووە و پاڵپشتیی بۆ حکومەتی تورکیا دەرنەبڕیوە.

بەلام لەکاتی هێرشەکانی تورکیا لە تشرینی یەکەمی 2019 بۆسەر هێزە کوردییەکانی سووریا کە ئەمریکا پاڵپشتیی دەکردن، جارێکی دیکە هەڵوێستی بایدنی گۆڕییەوە، بەشێوەیەک لەوکاتەدا بایدن گوتی "تورکیا لێرەدا کێشەیەکی راستەقینەیە"، گوتیشی "من بەشێوەیەکی راستەقینە گفتوگۆ لەگەڵ ئەردۆغان دادەخەم و وای لێدەکەم کە لەوە تێبگات کە باجێکی قورس دەدات بۆ ئەوەی ئێستا [ساڵی 2019] ئەنجامی دەدات".

بەرپرسانی تورکیا دەزانن کە ئیدارەی بایدن بەتەواوی جیاواز دەبێت لە ئیدارەی ترەمپ لەڕووی سیاسەتە هەرێمییەکانی.
rudaw -
Top