تاران.. بەرپرسێکی پێشووی ژینگە بە دەستڕێژی گوللە کوژرا
لەمبارەوە محەمەدتەقی تەقیزادە بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، شەوی ڕابردوو عەباس میرزاکەریمی ژینگەپارێزی ناسراو و بەڕێوەبەری پێشوو ژینگەی شاری دەماوەند، کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گوللە و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.
لەمبارەوە جەمشید موحەبەتخانی سەرۆکی یەکەی ڕیکخراوی ژینگەی ئێران ئاشکرای کردووە عەباس میرزاکەریمی شەوی ڕابردوو لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی دەستڕێژی لێ کراوە و کوژراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە هەتا ئێستا هۆکاری کوژران و ناسنامەی ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە ئاشکرا نەبووە و لێکۆڵینەوە لەمبارەوە دەستی پێ کردووە.
بەگوتەی بەپرسانی ڕێکخراوی ژینگەی ئێران لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا لەو وڵاتە ١٤٣ چالاکوانی بواری ژینگە لە ئێران بوونەتە قوربانی کە ٣٠٪یان بە دەستڕێژی گوللە کوژراون و ئەوانی دیکەش لە کاتی ئەرک و بە ڕووداو گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
