ترەمپ نایەوێت بەر لەکۆتاییهاتنی ویلایەتەکەی لە 20ی ئەم مانگەدا دەستلەکاربکشێتەوە

ترەمپ نایەوێت بەر لەکۆتاییهاتنی ویلایەتەکەی لە 20ی ئەم مانگەدا دەستلەکاربکشێتەوە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رەتیکردەوە هیچ رۆڵێکی هەبوبێت لەگرژییەکانی بەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی و لەسەر ئەو بابەتەش ئامادەی دەستلەکارکێشانەوە نیە، لەبەرامبەردا پلانی ئەوەی هەیە لەدواین هەفتەی سەرۆکایەتییەکەیدا سەردانی دیواری مەکسیک بکات و رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی فراوان و تەواو بکات.

کەناڵی CBSـی ئەمریکی لەزاری بەرپرسانی کۆشکی سپی بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەدواین هەفتەی سەرۆکایەتییەکەیدا بەردەوام دەبێت لەراییکردنی کارەکانی سەرۆکایەتی لەوانەش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، چالاکییەکانی پەیوەست بەگواستنەوەی دەسەڵات و سەردانیکردنی دیواری مەکسیک.

ترەمپ نایەوێت بەر لەکۆتاییهاتنی ویلایەتەکەی لە 20ی ئەم مانگەدا دەستلەکاربکشێتەوە

یەکێکی دیکەش لەهەنگاوەکانی سەرۆکی ئەمریکا تەواوکردنی دواین رێکارەکانی تایبەت بە رێککەوتنی "ئاشتی" نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەبێت، سەرچاوەکان دەڵێن لەبەر ئەو هۆکارانە "ترەمپ نایەوێت بەر لەکۆتاییهاتنی ویلایەتەکەی لە 20ی ئەم مانگەدا دەستلەکاربکشێتەوە، لەسەر ئەو بابەتەش هەست بەفشار ناکات".

کەناڵی CBS باسی لەوەشکردوە، تائێستا مایک پێنس جێگری سەرۆک و وەزیرانی دیکەی حکومەتی ئەمریکا داوای لەکارخستنی دۆناڵد ترەمپیان نەکردوە بەگوێرەی مادەی 25ی دەستور، بەو پێیەی لادانی سەرۆک لەم کاتەدا بەبژاردەیەکی "کرداری" نابین.

چەند رۆژێکە ترەمپ و پێنس هیچ پەیوەندی و دیدارێکیان نەبوە

ئەوەشی خستوەتەڕو، لەرۆژی چوارشەممەوە (بەکاتی ئەمریکا) کە کۆنگرێس بەسەرۆکایەتی مایک پێنس جێگری سەرۆک و سەرۆکی ئەنجومەنی پیران کۆبوەوە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەسەندکرد، ترەمپ و پێنس هیچ پەیوەندی و دیدارێکیان نەبوە، تەنانەت لەو کاتەشدا کە خۆپیشاندەرانی بەردەم کۆنگرێس داوای "لەسێدارەدانی پێنس"یان دەکرد، ترەمپ بۆ دڵنیابونەوە لەسەلامەتی جێگرەکەی پەیوەندی بە ناوبراوەوە نەکردوە.

هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە لەجێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندوە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بەردەوام بێت لە دروستکردنی "نائارامی" بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کەبەسەر کەوتنی جۆ بایدن کۆتاییهات، مایک پێنس بەکارهێنانی مادەی 25ی دەستور بۆ لەکارخستنی ترەمپ بەدورنازانێت.

بەدەنگی دو لەسەر سێی ئەندامانی کۆنگرێس سەرۆکی ئەمریکا لەپۆستەی لەکاردەخرێت

مادەی 25ی دەستوری ئەمریکا دوای کوژرانی جۆن کێنیدی لەساڵی 1963دا هەموارکراوەتەوە، ئەوەش بەئامانجی چارەسەرکردنی دۆخێک کەسەرۆکی ئەمریکا کۆچی دواییکرد، کوژرا یان توشی نەخۆشییەک بو و نەیتوانی وادەی سەرۆکایەتییەکەی تەواو بکات، بەگوێرەی یاساکە لەسەر داوای جێگری سەرۆک و بەدەنگی دو لەسەر سێی ئەندامانی کۆنگرێس سەرۆکی ئەمریکا لەپۆستەی لەکاردەخرێت.

6ـی ئەم مانگە بۆ پەکخستنی دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کەبەسەر کەوتنی جۆ بایدن کۆتاییهات، دۆناڵد ترەمپ داوای لەلایەنگرانی کرد لەواشنتن خۆپیشاندان ئەنجام بدەن بۆ پشتیوانیکردن لەکۆمارییەکان، دواتر خۆپیشاندەران چونە ناو کۆنگرێس و ژمارەیەک کەسیش کوژران و برینداربون.






خەندان
Top