ئیمارات: دەمانه‌وێت پەیوەندی سرووشتیمان لە گەڵ توركیاھەبێت و ھەندێك ئاماژەی ھاندەریش ھەنە

ئیمارات: دەمانه‌وێت پەیوەندی سرووشتیمان لە گەڵ توركیاھەبێت و ھەندێك ئاماژەی ھاندەریش ھەنە
وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی ئیمارات، ئەنوەر قەرقاش رایگەیاند، وڵاتەكەی دەیەوێت "پەیوەندییەكی سرووشتی لەگەڵ توركیا" ھەبێت و باسی ھەندێك ئاماژەی ھاندەریشی كرد بۆ گەیشتن بەوە.

قەرقاش ئەمڕۆ یەكشەممە، لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی "سكای نیوزی عەرەبی" روونیكردەوە، دەمانەوێت بە توركیا بڵێین، ئێمە پەیوەندییەكی سرووشتیمان دەوێت، رێز لەسەروەری نێوان ئێمە و ئەوان بگیرێت".

گوتیشی: "دەمانەوێت ئەنقەرە پشتیوانی سەرەكی ئیخوان موسڵمین نەبێت، دەمانەوێت ئەنقەرە قیبلەنمای لە پەیوەندییەكانی خۆیدا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بگەڕێنێتەوە".

وەزیری ئیمارات جەختیكردەوە، "ھیچ ھۆكارێك نییە بۆ ئەوەی لەگەڵ توركیا ناكۆك بین، ھیچ كێشەیەك نییە، ئێمە ئێستا دەبینین ئاماژەكانی ئەم دواییەی توركیا وەك كرانەوە بەرووی ئەوروپا ھاندەرە".

قەرەقاش بەردەوام بوو لە قسەكانی و گوتی: "ناوچەكە زۆر ھەستیارە لە رۆڵی ئیخوان موسڵمین و دنەدانیان و گرتنەخۆی ئەم كۆمەڵەیە لە بەرژەوەندی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عەرەب نییە".

قەرقاش لە 7 كانوونی دووەم، رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی "ھاوبەشی سەرەكی ژمارە یەك"ی توركیایە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، روونیشیكردەوە، ئیمارات "شانازی بە ھیچ دوژمنایەتییەك" لەگەڵ ئەنقەرە ناكات.

پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات و توركیا بەردەوام گرژی بەخۆیەوە دیوە بەھۆی زۆر مەسەلەوە، لەوانە تەنگژەكانی سووریا و یەمەن و بە تایبەتی لیبیا، چونكە ئەنقەرە پشتیوانی حكومەتی ویفاقی نیشتیمانی و سەرۆكەكه‌ی فایز سەراج دەكات، كەچی ئەبووزەبی پشتیوانی لە "سوپای نیشتیمانی لیبیا" بەسەركردایەتی خەلیفە حەفتەر دەكات.

ھەروەھا ھۆكاری گرژی نێوان ھەردوو وڵات بە ھۆی پەیوەندییەكانی حكومەتی توركیایە لەگەڵ "ئیخوان موسلمین"، كە دەسەڵاتدارانی ئیمارات بە رێكخراوێكی تیرۆریستیی دەزانن.
k24 -
Top