ئیسرائیل پێگەی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە سووریا کردە ئامانج
میدیای فەرمیی ڕژێمی بەشار ئەسەد ئاشکرای کردووە شەوی ڕابردوو لە نزیک دیمەشق بەرپەرچی هێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیلیان داوەتەوە.
ئاژانسی (سانا)ی سەر بە ڕژێمی سووریا بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی سەربازی بڵاوی کردووەتەوە کاتژمێر ١١:١٠ خولەکی شەوی ڕابردوو لە ناوچەوی گوڵان (جۆلان)وە چەندین مووشەک ئاراستەی باشووری دیمەشق کراون کە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سووریاوە بەرپەرچ دراونەتەوە.
ئەمە لە حاڵێکدا کە تۆڕی میدیایی (ئەلعەرەبییە) لەزاری چاودێرانی سوورییەوە بڵاوی کردووەتە لەو هێرشەی سوپای ئیسرائیلدا حزبوڵای لوبنان و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە نزیک دیمەشق کراونەتە ئامانج.
لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەمە یەکەم هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلە بۆ سەر گرووپە و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا، ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٦٠ هێرشی جۆراوجۆر کرایە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لە سووریا.
لەمبارەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کردووە ئەو هێرشەی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەی میلیشیاکان لە گوندی "ئەلدەور" بووە لە ناوچەی (ڕیف ئەلسویدا) لە باشووری دیمەشق.
بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل ڕای دەگەیەنن هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران لە سووریا، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی جموجۆڵەکانی ئێران لە ناوچەکە.
هەتا ئێستا ئێران لەبارەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیلەوە بە فەرمی هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.
ئێران لە ساڵی ٢٠١١ و پاش سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە وەک هاوپەیمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لەو وڵاتە حزووری هەیە و لەڕێگەی سوپای قودس و گرووپ و میلیشیاکانی فاتمیوون و زەینەبیوون (شیعەکانی ئەفغانستان و پاکستان)وە خەریکی قایمکردنی پێگەی خۆیە و هەتا ئێستا بە سەدان سەرباز و میلیشیای ئێرانی لە سووریا کوژراون کە چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لەناو کوژراوەکاندا بوون.
باسنيوز
