یەکەم کاردانەوەی پاکستان لە بارەی بڕیارەکەی هیندستان دژی کشمیر

یەکەم کاردانەوەی پاکستان لە بارەی بڕیارەکەی هیندستان دژی کشمیر
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان یەکەم کاردانەوەی وڵاتەکەی لەبارەی بڕیاری هیندستان لە دژی هەرێمی کشمیر، راگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە 5-8-2019، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هیندستان مافی ئەوەی نییە تاکلایەنە بڕیار لەبارەی کشمیرەوە بدا، چونکە ئەو هەرێمە ناوچەیەکی کێشەلەسەرە و پەیوەندیی بە پاکستانیشەوە هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بە بوونی ”هەموو بژارەیەک“ لەبەردەستی وڵاتەکەی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بڕیارەی هیندستان.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتیی هیندستان، لە مەرسوومێکدا، رایگەیاندووە، حوکمی زاتیی دەستووریی هەرێمی کشمیر لە هیندستان، هەڵوەشێندرایەوە.

ئەو بڕیارەی هیندستان دوای گرژبوونی زیاتری بارودۆخی نێوان پاکستان و هیندستان دێت، کە هەردوولا بەردەوام هێز لە ناوچە سنوورییەکانیان کۆ دەکەنەوە.

جامۆ و کشمیر، ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە سامان و سەرچاوە سروشتییەکانە و کەوتووەتە باکووری رۆژئاوای هیندستان و باکووری رۆژهەڵاتی پاکستان. هیندستان دەستی بەسەر %43ـی خاکی کشمیردا گرتووە و پاکستانیش دەستی بەسەر %37ـی ناوچەکەدا گرتووە.

ئەگەرچی هەردوو وڵات بانگەشەی خاوەندارێتیی ئەو ناوجەیە دەکەن، بەڵام خەڵکی ناوچەکە خەبات بۆ سەربەخۆیی دەکەن و رەتی دەکەنەوە سەر بە هیچ یەکێک لەو دوو وڵاتە بن.










باسنيوز
Top