پۆشینی پەچە لە هۆڵەندا قەدەخەدەکرێت
لایەنگرانی پەچە دژی ئەم یاسایەن و لەو باوەڕەدان؛ نابێت دەستوەربدرێتە ئازادییە کەسییەکانیان لە دیاریکردنی جۆری جلوبەرگ و، دەڵێن بە پۆشینی پەچە ئاسوودەن. ئەوان، هەروەها کەمپەینێکیان لە دژی ئەم یاسایە راگەیاندووە.
کەریمە رەحمانی، لە کەمپەینی لە پەچەکەم دووربکەونەوە دەڵێ "من، پەچە دەپۆشم، چونکە ئەوە پەیوەندییەکی رۆحییە کە من ئەزموونی دەکەم و هەستێکی زۆر باشم لەگەڵیدا هەیە".
بە نایاسایی ناساندنی پۆشینی پەچە و رووبەند ترسی ئەوەی دروستکردووە کەسانێک خراپ سوود لەم یاسایە وەربگرن و بە پاساوی پاراستن و جێبەجێکردنی یاسا، پەلاماری ئەو کەسانە بدەن کە پەچەیان پۆشیوە، بەمەش بەشێکی توێژەکانی کۆمەڵگە رووبەڕووی یەکدی ببنەوە.
کەریمە رەحمانی هەروەها دەڵێ "ئەمە کەسانی سڤیل دەخاتە بەرەی دژ بە یەکدی. لە سەروو هەمووشانەوە من رووبەرووی دژایەتیی خەڵک دەبمەوە لەسەر شەقام، یان خەڵک هەست دەکەن ئەوە یاساییە و پێویستە ئەوان پەلاماری من بدەن و رێگریم لێ بکەن. من بەتایبەتی دەترسم، لە سەلامەتیی خۆم زۆر نیگەرانم".
بەگوێرەی یاساکە پۆشینی پەچە و رووبەند لە شوێنە گشتییەکان دژی یاسایە و بەم پێیە هاووڵاتیان دەتوانن لە کاتی بینینی ژنێک بە پەچەوە، پەیوەندیی بە پۆلیسەوە بکەن؛ بەگوێرەی رێکارەکان پۆلیس وەکو کەیسێکی زۆر گرنگ سەیری ئەم حاڵەتە ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەماوەی نیو کاژێردا دەگاتە شوێنەکە.
رووداو
